رووداو دیجیتاڵ
خێزانێکی چوار کەسی لە خەبات کە سێیانیان نەخۆشن، لە دۆخێکی سەختی دارایی دا دەژین. سەرپەرشتی خێزانەکە دەڵێت، ''منداڵێکم ئۆتیزم و بیرکۆڵە، بەڵام هیچ بڕە پارەیەکی وەک هاوکاری بۆ نەبڕاوەتەوە.''
رۆژی یەکشەممە، 07-06-2026، هاونیشتمانییەک بە ناوی مەغدید نامیق ئیسماعیل، دانیشتووی گوندی چارووکی گەورەی سەر بە قەزای خەبات بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی نەخۆشییەوە توانای کارکردنی نەماوە و خێزانەکەی لەوپەڕی هەژاریدا دەژین.
مەغدید نامیقی تەمەن 44 ساڵان، پێشتر قەساب بووە، بەڵام چەندین ساڵە بەهۆی کێشەی بڕبڕەی پشتییەوە، توانای کارکردنی نەماوە.
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە، جیا لە خۆی، هاوژینەکەشی نەخۆشە و تووشی گرێی گەدە بووە، ''چەندین ساڵە سەردانی پزیشک دەکەین، بەڵام هێشتا نەخۆشییەکەی بنبڕ نەبووە و ناوە ناوە پارەیەکی زۆرمان بۆ کڕینی دەرمان پێویستە.''
مەغدید نامیق پێشتریش کرێچی بووە، بەڵام بەهۆی تێچووی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشییەکانیان و لەدەستدانی توانای بۆ کارکردن، نەیتوانیوە چیدیکە کرێی خانوو دابین بکات؛ ''بۆیە ماوەیەکە لە گوندی چارووکی گەورە، بەشێوەی کاتی لە ماڵی خێرخوازێکدا دەژین.''
وەک ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، دوو منداڵی دووانەی کوڕی تەمەن 10 ساڵانیان هەیە، کە یەکێکیان بەناوی محەممەد ئۆتیزم و بیرکۆڵە، بەڵام بەهۆی خراپیی بواری داراییان، توانای ناردنی منداڵەکەی بۆ سەنتەری راهێنان و چاودێریی منداڵانی ئۆتیزم نییە.
هەروەها ئەمیرە محەممەد ئەمین، هاوژینی مەغدید بە رووداوی گوت: ''محەممەد چارەسەری پێویستە. پزیشک دەڵێت، ئەگەر لە سەنتەرەکان چارەسەری سرووشتی وەربگرێ، قسەکردنی زۆر باشتر دەبێ، بەڵام نە توانامان هەیە بینێرین و نە لێرەشەوە دەگەینە هەولێر.''
ئەمیرە محەممەد سەرەڕای گرێی گەدە، نەخۆشیی دیکەشی هەیە و دەڵێت: ''گرێی مەمکم هەیە و دەبێ 10 بۆ 15 رۆژی دیکە نەشتەرگەریم بۆ بکرێ، بەڵام نازانم تێچووەکەی چۆن دابین دەبێت.''
بەگوتەی مەغدید نامیق، هەرچەند منداڵەکەیان خاوەن پێداویستیی تایبەتە و ناوی لە چاودێریی کۆمەڵایەتی تۆمار کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی وەک هاوکاری بۆ نەبڕاوەتەوە.
ئەو خێزانە چوار کەسییە هیوا دەخوازن بە هاوکاریی خێرخوازان ببنە خاوەنی خانووی خۆیان، هەروەها بتوانن منداڵەکەیان بنێرنە ناوەندێکی راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم، بۆ ئەوەی دۆخی تەندروستی بەرەو باشتربوون بڕوات.
.png&w=3840&q=75)

.jpeg&w=3840&q=75)
