رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی زاخۆ راگەیاند، بڕیارە رۆژانی 10 و 11ـی ئەم مانگە، چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی (شاڵ و شەپک) لە کۆرنیشی پردی دەلال بەڕێوەبچێت و تێیدا چەندین گرووپی هونەریی نێوخۆیی و جیهانی بەشدار دەبن.
رۆژی شەممە، 6ـی حوزیرانی 2026، موشیر بەشیر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە فێستیڤاڵەکەدا هونەرمەند هۆزان دینۆ، گرووپێکی ئەرمەنی، گرووپێکی ئەفریقی و چەندین گرووپی دیلانی نێوخۆیی بەشدار دەبن.
بە گوتەی قایمقامی زاخۆ، فێستیڤاڵەکە لە کاژێر 10:00ـی بەیانییەوە دەستپێدەکات تاوەکو ئێوارە؛ کاژێر 10:00 تاوەکو 12:00ـی نیوەڕۆ گفتوگۆ لەسەر کولتوور و جلی کوردی لەلایەن مامۆستایانی زانکۆوە دەکرێت، دواتریش لە ئێواراندا دەست بە گۆڤەند، ئاهەنگ و گۆرانی وتن دەکرێت.
بڕیاربوو فێستیڤاڵەکە لە 28 و 29 نیسانی رابردوو بەڕێوەبچێت و وەک فێستیڤاڵەکانی ساڵانی پێشوو، هەر چوار پارچەی کوردستان تێیدا بەشدار بن. بەڵام لە 21-4-2026، دڵخواز موسا، بەڕێوەبەری رۆشنبیریی زاخۆ و سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە بە رووداوی راگەیاندبوو کە "بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی، فێستیڤاڵەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە."
فێستیڤاڵی (شاڵ و شەپک) لە زاخۆ بە یەکێک لە چالاکییە کولتوورییەکان دادەنرێت، کە مەبەست لێی "پاراستنی ناسنامەی کولتووری، جلوبەرگی رەسەنی کوردی و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیارییە لە ناوچەکەدا".



