رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە کێشەی کەمیی ئاو لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردەوە. قایمقامی قەزاکە دەڵێ، لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی لەسەرهێڵن بۆ دابینکردنی ئاو بە تانکەر؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پڕۆژەی ئاوی سنوورەکەی 40%ـی تەواو بووە.
زیاتر لە 10 ساڵە قەزای چەمچەماڵ لە وەرزی هاویندا بەدەست کەمیی ئاوەوە دەناڵێنێت. ئەم ساڵیش لەگەڵ دەستپێکی هاتنی وەرزی گەرما، کێشەی کەمیی ئاو دروستبووەوە.
ئاسۆ بەکر، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دابەشکردنی ئاو لە سەنتەری چەمچەماڵ 6 بۆ 7 رۆژ جارێکە، بەڵام لە ناحیەی شۆڕش دەگاتە 9 رۆژ جارێک".
قایمقامی چەمچەماڵ جگە لە هاتنی وەرزی گەرما کە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاوە، ئاماژەی بەوەکرد، بەشێکی سەرەکیی ئاوی سنوورەکەی لە سلێمانییەوە دابین دەکرێ و چەند رۆژێکە کێشەی تەکنیکی بۆ بەرهەمهێنانی ئاو لە سلێمانی دروستبووە و ناردنی بۆ چەمچەماڵ بەشێوەی کاتی راگیراوە.
ئاسۆ بەکر گوتی: "نووسراومان بۆ وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی کوردستان کردووە و ئەوانیش بەرزیان کردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، چاوەڕێی رەزامەندین بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی ئاو بە تانکەر".
لە کاتی وەرزی گەرمای پاردا دابەشکردنی ئاو لە چەمچەماڵ گەیشتە 13 رۆژ جارێک. (پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپە) کاری تێدا دەکرێ و بڕیارە بە تەواوبوونی کۆتایی بە کێشەی کەمیی ئاو لە سنووری ئەو قەزایەی پارێزگای سلێمانی بهێنێت.
ئاسۆ بەکر دەڵێ: "پڕۆژەکە کاری تێدا دەکرێ و 40%ـی تەواو بووە، بەهۆکاری کەمیی پارەی کاش و بەتایبەت ئەم ساڵ کە داهاتی نێوخۆ کەمبووەتەوە و بودجەی ئەویش دەبێ لە داهاتی پارێزگای سلێمانی بدرێت، کارەکانی بە خێرایی نەکراون".
پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ - گۆپتەپە 26ـی حوزەیرانی 2024 نووسراوی کارکردنی بۆ کراوە و لە 30ـی حوزەیرانی هەمان ساڵەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە، بڕیار بوو 26-06-2026 تەواو ببێت.
قایمقامی چەمچەماڵ کە کەمتر لە شەش مانگە پۆستەکەی وەرگرتووە، وەک هیوایەک بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو پڕۆژەی ئاوەکەیان تەواو بێ، گوتی: "ئەم ساڵیش هەموو هەوڵێک دەدەین خەڵکەکەمان لە هاویندا بێ ئاو نەبێ و ئاویان بۆ دابین دەکەین".
.png&w=3840&q=75)

