رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی رایدەگەیێنێت، کێشەی کەمیی کارەبا لە سنووری پارێزگاکە کاتییە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە. دەشڵێت: "بڕیار نییە بگەڕێینەوە بۆ بەکارهێنانی موەلیدە و کار بۆ چاککردنی ژێرخانی کارەبا بەردەوامە." ئەنوەر حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، چەند رۆژێکە دۆخی کارەبا وەک پێویست نییە، هۆکارەکەشی بۆ "بەرزبوونەوەی خواست، کەمیی بەرهەمهێنان و دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی کارەبا بۆ عێراق" گەڕاندەوە. سەبارەت بە دەنگۆی گەڕانەوە بۆ بەکارهێنانی موەلیدە ئەهلییەکان وەک سەرچاوەی سەرەکی، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی گوتی: "تاوەکو ئێستا بڕیاری لابردنی موەلیدەکان نەدراوە و لە کاتی پێویستدا داوامان لێکردوون کار بکەن، بەڵام بڕیار نییە بگەڕێینەوە بۆ بەکارهێنانی موەلیدە و تەنیا وەک هاوکارێک دەمێننەوە، چونکە ئاراستەی ئێمە بەرەو چاککردنی ژێرخانی کارەبای نیشتمانییە." ئەنوەر حەمەسەعید باس لەوە دەکات کە سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کەمترین کێشەی کارەبای هەیە و هۆکارەکەشی بۆ چەند خاڵێک گەڕاندەوە: - باشتربوونی ژێرخانی کارەبا لە سنوورەکە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە. - بەدواداچوونی وردی تیمەکانی کارەبا لە سەرجەم سێکتەرەکان. - کارکردنی شەو و رۆژی تیمەکانی فرۆشیاری وزە بۆ خزمەتی هاونیشتمانییان. - هاوئاهەنگیی تەواو لەنێوان تیمەکانی کارەبا و پڕۆژەی (رووناکی). کەی کارەبای سلێمانی دەبێتە 24 کاژێری؟ سەبارەت بەو ناوچانەی هێشتا نەچوونەتە ناو پڕۆژەی (رووناکی) و کارەبای 24 کاژێرییان نییە، بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی گوتی: "قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری، بازیان، دەربەندیخان، شارەزوور، دووکان و پیرەمەگروون هێشتا نەچوونەتە ناو پڕۆژەکە، بەڵام بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەی رووناکی تێیاندا تەواو بکرێت و کارەبایان ببێتە 24 کاژێری." ئێستا لەو ناوچانەی دەرەوەی پڕۆژەی رووناکی، دۆخی کارەبا جێگیر نییە و رۆژانە نزیکەی 7 کاژێر کارەبای نیشتمانییان هەیە و لە کاژێرەکانی دیکەدا پشت بە کارەبای موەلیدە دەبەسترێت.
هەواڵە ناوخۆییەکان04-06-2026لە پێنج مانگدا زیاتر لە 100 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوو لە هەرێمی کوردستان لەنێوبراوە
هەواڵە ناوخۆییەکان04-06-2026بەرهەمی جووتیارانی شێخان لە بازگەکانی حەشد دەمێنێتەوە؛ 'کێشەکە سیاسییە نەک کشتوکاڵی'