رووداو – سلێمانی
لەسەر سكاڵای سەرۆكی شارەوانیی رانیە، 12 خۆبەخشی نەوەی نوێ دەستگیركران.
رۆژی چوارشەممە (28-8-2019) تیمێکی ئەندازیاریی نەوەی نوێ "بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت" لە بەڕێوبەرایەتیی شارەوانی قەزای رانیە، دەستیانكردووە بە کارکردن و نۆژەنکردنەوەی باخچەیەکی نێو قەزای رانیە، سەرۆکی شارەوانیی رانیەش سکاڵای یاسایی لەسەر تیمەكە تۆماركردووە و كەیسەكە براوەتە دادگا.
هیوا عەبدوڵڵا، قایمقامی قەزای رانیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەبێ ئاگاداری شارەوانیی رانیە، تیمێکی ئەندازیاریی 12 کەسی، هەندێک لە بەشەکانی باخچەیەکیان تێکداوە بەمەبەستی نۆژەنکردنەوە، "ئەم کارەیان بە بێ وەرگرتنی هیچ رەزامەندییەك ئەنجامداوە، لەکاتێکدا ئێمە ئامادەییمان نیشانداوە بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ هەر کەسێکی خۆبەخش کە بیەوێت کارێکی باش بۆ قەزای رانیە بکات".
هیوا عەبدوڵڵا گوتیشی "پێشتر قسەمان لەگەڵ نەوەی نوێ کردووە و رێنماییمان پێداون: دەبێت بەوجۆرە دەستكاری باخچەكان بكەن، بەڵام دیارە بە بێ ئاگاداركردنەوە دەستیانكردووە بەوكارە و سەرپێچییان كردووە".
هەروەها كارۆخ شەریف، لێپرسراوی باخچەكانی رانیە، بە رووداوی راگەیاند "تیمی ئەندازیاریی نەوەی نوێ سەردانی باخچەکەیان کردووە و پێمان راگەیاندوون، سەرۆکی شارەوانی رانیە مەرج و رێکاری یاسایی خۆی هەیە بۆ نۆژەنکردنەوە، بەڵام ئەوان بێ ئاگاداری دەستیانپێكردووە".
تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندیكرد بە نەوەی نوی، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ لێدوانیك لەسەر دەستگیرکردنی تیمەکەیان بدەن.


