رووداو - دیجتاڵ
لە کەرکووک، هەوڵێکی لیژنەی لابردنی زیادەڕۆیی شارەوانی بۆ روخاندنی
ژمارەیەک خانووی زێدەڕۆ گرژیی لێکەوتەوە؛ بەرپرسێکی لیژنەکەش راوێژکارێکی
پارێزگاری کەرکووک تۆمەتبار دەکات بەوەی لە پشت دروستکردنی خانووەکانەوە بووە و رێگری
لە کارەکانیان کردووە.
لە کاتی چوونی تیمەکانی شارەوانی بۆ کەرتی 58ی گەڕەکی دۆمیز
لە نزیک بازگەی کۆبانێ، بەشێک لە ئامادەبووان هەوڵیان دا رێگری لە شۆفەڵی لابردنی
زیادەڕۆییەکان بکەن و کەسێکیش چووە سەر بانی یەکێک لە خانووەکان و هەڕەشەی
خۆفڕێدانەخوارەوەی کرد.
لە شوێنی رووداوەکە، راوێژکارێکی پارێزگاری کەرکووک ئامادە
بوو و هەوڵی دا رێگری لە رووخاندنی خانووەکان بکات، بەڵام لەلایەن لیژنەکەوە رەتکرایەوە.
یەحیا نورەدین، سەرۆکی لیژنەی لابردنی زیادەڕۆیی شارەوانی
کەرکووک بە رووداوی رایگەیاند: "ئەمە زیادەڕۆییە لە ناوچەی 58 لەلای بازگەی
کۆبانێ کراوە و هاتووین لایبەین، بەڵام برادەرێک هات و وتی من راوێژکاری پارێزگارم
و ئەمانە هی منن، نابێت بیڕوخێنن." بەپێی وتەی سەرۆکی لیژنەکە، ئەو خانووانە
لەلایەن ئەو راوێژکارەوە دروستکراون.
لەلایەکی دیکەوە، سەلمان ئەحمەد، سەرپەرشتیاری مەیدانیی
لیژنەکە ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵدراوە لە رێگەی خێزانەکانەوە فێڵ لە میدیاکان
بکرێت و وتی: "ژن و منداڵیان تێکردووە تاوەکو بڵێن خێزانی تێدایە و وەک فێڵێک
نیشانی میدیاکانی بدەن کە گوایە دەردەکرێن."
ئەو کەسانەی لە شوێنی رووداوەکە بوون، هەرچەندە خۆیان وەک
زوڵملێکراو دەناساند، بەڵام ئامادەنەبوون ڕوونکردنەوە بدەن کە ئایا خۆیان خاوەنی
خانووەکانن یان لەلایەن راوێژکارەکەوە بەکارهێندراون.
بەهۆی هێرشکردنە سەر تیمەکانی شارەوانی و هاندانی خەڵک،
لیژنەکە لە دەستەی دەستپاکی سکاڵای یاسایی لەسەر راوێژکارەکەی پارێزگار تۆمار کرد.
ئەو زەوییەی دەستی بەسەردا گیراوە موڵکی شارەوانی کەرکووکە و نزیکە لە جووتسایدی
کۆبانێ لەسەر ڕێگەی بازنەیی شارەکە.
.png&w=3840&q=75)
