رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی بەرزە پردی شەقامە 40 مەتریی کردەوە و رایگەیاند، بارودۆخە نالەبارەکان نەیانتوانیوە رێگری لە کاروانە ئاوەدانییەکانی حکومەت بگرن؛ هاوکات پەیامێکی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئاراستەی لایەنەکان کرد.
رۆژی پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، لە میانی گوتارێکدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ بە فەرمی پڕۆژەیەک دەخەینە خزمەت هاووڵاتییان، بە تایبەتی سنووری سۆران و دەوروبەری، کە بەرزترین پردە لەسەر ئاستی هەموو عێراق. لە ماوەی رابردوودا بارودۆخی نالەبار لە هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام ئەمانە نەیانهێشت ئێمە لە پڕۆژەکانمان بوەستین و لە خۆشی و ناخۆشیدا لە خزمەتکردن بەردەوام دەبین."
سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لە (کاڤین گرووپ) کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە رێکوپێکی و گوتی: "ئەوەی زیاتر دڵخۆشی کردم، ئەوەیە کە توانای ناوخۆیی وایکردووە بتوانین پڕۆژەی وا گەورە و جوان لەسەر ئاستی کوردستان جێبەجێ بکەین."
مەسرور بارزانی گوتی: "لە ماوەی رابردوودا رووداوێکی ناخۆش روویدا کە ئۆتۆمبێلێک بە سێ سەرنشینەوە کەوتە ناو ئاو و خنکان، ئەمە جێگەی نیگەرانییە. لێرەوە دەستخۆشی لە تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەکەم کە زۆر خۆیان ماندوو کرد بۆ گەڕان بەدوای تەرمەکاندا؛ داواش لە هاووڵاتییان دەکەم رێنماییەکانی هاتووچۆ جێبەجێ بکەن، لەو شوێنانەی مەترسیدارن دووربکەونەوە و پابەندی رێنماییەکانی حکومەت بن."
پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا
لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق مەسرور بارزانی گوتی: "ئەمڕۆ یەکەم هەنگاوی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا دەستپێدەکات، هیوای سەرکەوتن بۆ عەلی زەیدی دەخوازین، ئێمەش پاڵپشت دەبین بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی دروستبکرێت و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێن. بەشداریکردنمان لە پەرلەمان بۆ داکۆکیکردنە لە هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان و عێراق و جێبەجێکردنی دەستوور وەک خۆی؛ هەوڵدەدەین پەیوەندییەکانمان لەو پەڕی باشی و لە ئاستێکی بەرزدا بن."
سەرۆکی حکومەت هیوای خواست ئەم هەنگاوانە ببێتە دەرفەتێک بۆ "کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان"
مەسرور بارزانی لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت بۆ رووداو قسەی کرد
لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت مەسرور بازارنی گوتی: "ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووین هەموو دامەزراوەکانی حکومەت و پەرلەمان کارا بن. رێز لە راو و بیروبۆچوونی خەڵکی کوردستان بگیرێت، هەڵبژاردن کراوە بەو مەبەستەی کە خەڵک متمانەی بە لایەنەکان داوە، بۆ ئەوەی لایەنەکان بتوانن بە ئەمانەتەوە رووبەڕووی ئەو بەرپرسیارێتییە ببنەوە."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەە رۆژی یەکەمەوە بۆ ئەو مەبەستە هەوڵیانداوە، "هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەکان بگەنە ئەو قەناعەتەی کە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان و لایەنەکان خۆشیاندایە."


.jpg&w=3840&q=75)