رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا (سانا) بڵاوی کردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا بە فەرمانێکی سەرۆکایەتی، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی پێشووی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی وەک راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆمار دەستنیشان کردووە.
وێنەی فەرمانە سەرۆکایەتییەکە لە لایەن ساناوە بڵاوکراوەتەوە کە بە ئاماژە کردن بە ناوی تەواوی مەزڵووم عەبدی، دەڵێت: "بەڕێز مستەفا خەلیل عەبدی، دەکرێتە راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆمار."
تۆڕی میدیایی رووداو پێشتر وەک یەکەمین دەزگای میدیایی لە سەر زاری سێ سەرچاوەوە بڵاوی کردەوە کە پێشنیاز کراوە فەرماندە کوردەکە ببێتە راوێژکاری سەرۆککۆماری سووریا.
رۆژی سێشەممە، 25ی ئاب شاندێکی رۆژئاوای کوردستان بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سووریا چووە دیمەشق. لەو کۆبوونەوەیەدا پێشنیازی پۆست بۆ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پێشووی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرابوو.
ئەوکات رووداو وەک یەکەمین سەرچاوە بلاوی کردەوە، هەر لەو کۆبوونەوانەدا باس لە خوێندن بە زمانی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان کراوە و هەردوولا لە رێککەوتنەوە نزیکن.
چەند کاژێرێک پێش بڵاوکردنەوەی فەرمانە سەرۆکایەتییەکەی تایبەت بە پۆستی مەزڵووم عەبدی، وەزارەتی پەروەردەی سووریا زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی لە پڕۆگرامی خوێندنی قوتابخانە حکومی و تایبەتەکان لە رۆژئاوای کوردستان جێگیرکرد. بەپێی بڕیارەکە، نمرەی وانەی کوردی دەچێتە نێو کۆنمرەی کۆتایی قوتابیان.
محەممەد عەبدولرەحمان ترکو، وەزیری پەروەردە و فێرکردنی سووریا بڕیارێکی تایبەت بە هەموارکردنەوەی رێنماییە جێبەجێکارییەکانی مەرسوومی ژمارە 13ـی ساڵی 2026 دەرکرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئامانج لەم بڕیارە "پاراستنی مافە زمانەوانی و کولتوورییەکان و بەهێزکردنی فرەچەشنییە لە سووریا."
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، خوێندنی زمانی کوردی لەو ناوچانەی "چڕی دانیشتووانی کوردیان تێدایە" دەبێتە ناچاری.
ئەو سەرچاوانەی کە رۆژی سێشەممە قسەیان بۆ رووداو کرد، ئاماژەیان بەوەش کردبوو کە پێشنیاز بۆ ئیلهام ئەحمەدیش کراوە لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی سووریا بێت. بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێک لەم بارەیەوە دەرنەکراوە.
سەبارەت بە مەزڵووم عەبدی، یەکێک لە سەرچاوەکان بە رووداوی راگەیاندبوو، پێشنیازەکەی پەسند کردووە و دەبێتە راوێژکار.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، مەزڵووم عەبدی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە رۆژی شەممە 22-08-2026 پەخش کرا، بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر رێککەوتنی 29ی مانگی یەکی ئەم ساڵ "لە ئاست خواستەکانی ئێمەش دا نەبووبێت، پێگەیەک بۆ کورد لەنێو دەوڵەتی سووریادا دروست دەکات" و هەموو هەوڵێک دەدەن سەربکەوێ.
دوای ئەوەی 8ی کانوونی دووەم هێزەکانی سوپای سووریا هێرشیان کردە سەر گەڕەکە زۆرینە کوردنشینەکانی حەلەب و دواتر هێرشیانکردە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، لە 29ـی هەمان مانگ رێککەوتنێکیان واژۆ کرد و شەڕ راگیرا، ئەوەش بەگوێرەی رێککەوتنێکی گشتگیر و لێکتێگەیشتن لەبارەی پڕۆسەی تێکەڵکردنێکی ریزبەندیی هێزە سەربازییەکان و کارگێڕییەکانی هەردوولا کە بە رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم ناسراوە.
مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد دوو کەسایەتیی ناسراوی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوون. مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوو.

