رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە لە پەرلەمانی کوردستان پانێڵێک لەبارەی ئاڵنگاری و پێشهاتەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە لەلایەن لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رێکخراوە.
لەبارەی ئامانجی بەستنی دیدارەکە کە بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت، رێبوار بابکەیی، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەم دیدارە تیشک دەخاتە سەر کۆمەڵێک تەوەری گرنگ کە پەیوەستن بە ئاڵنگارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان، هەروەها پێشهاتەکان. بۆ نموونە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراق، چ چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری بێتە پێشەوە، لەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لەدوای داعش، ئەو هێرشە مووشەکیانەی دەکرێنە سەر هەولێر".
بە گوتەی بابکەیی مەبەستی سەرەکیان لەوەیە پەرلەمانی کوردستان جگە لەو دانیشتنانەی کە پەیوەستن بە پرسە یاساییەکان و پەرلەمانتاران قسەی لەسەر دەکەن، "خەڵکێکی نوخبە هەر لەنێو پەرلەمانی کوردستان دانیشتنەکان لەنێو هۆڵی پەرلەمان بگوازینەوە بۆ شوێنی دیکەو خەڵکی دیکەش بەشداربێت لە دروستکردنی بژاردە، سیاسەت، لە دروستکردنی بژاردە بۆ بەردەم سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کاتێک کە ئاڵنگاری یان هەلومەرجێک بێتە پێشەوە، بتوانێت چۆم مامەڵەی لەگەڵدا بکات."
سەبارەت بەو رەخنانەشی لە پەرلەمانی کوردستان دەگیرێت کە لە پرسە چارەنووسسازەکان جۆرێک لە بێدەنگی پێوە دیارە، بە نموونە لەسەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و ئەو ئاڵنگاری ئابووریانەی رووبەڕووی دەبێتەوە، رێبوار بابکەیی دەڵێ: "بە داخەوە تاوەکو ئێستا ئەمە نەکراوە، بۆ نموونە هێرشی مووشەکی کرایە سەر هەولێر، پەرلەمان دانیشتنێکی بەخۆیەوە نەبینی. ئێمە چۆن بێین تێکەڵەیەک لە بۆچوونی شارەزایانی سیاسی لەگەڵ خەڵکی پسپۆڕ و ئەکادیمی کۆمەڵێک بژاردەیەکیان لێ دروست بکەین و بیخەینە بەردەمی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکان."
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت: "خەڵکێکی زۆر لەسەر ئاستی شەقام و رای گشتی پێیانوایە پەرلەمان هەمیشە لە پەراوێزی رووداوەکانە، ئێمە لەو دیدارە دەمانەوێت پەرلەمان بخەینە نێو وێنەکە و لە رێگەی ئەو پانێڵانەی بەڕێوەدچن بۆی شیبکەینەوە، کە ئاستەنگ و ئاڵنگاریەکان چین و چۆن بتوانرێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".
رێبوار بابکەیی پێیوایە، پەرلەمانی کوردستان هاوشێوەی هەموو پەرلەمانانی دونیا "ناکرێت تەنیا ئەرکەکەی لە ئەرکە یاساییەکان قەتیس بکرێت لە دەرچوواندنی یاسا و بەدواداچوون و پەسندکردنی بودجە، بەڵکو ئەرکێکی دامەزراوەیی هەیە کە پێی دەگوترێت ئەرکی دیپلۆماسیەتی پەرلەمانی، چۆن پەرلەمان بە ناوەندێکی هزری بکرێت بۆ ئەوەی قسە لەسەر پرسە سیاسییەکانیش قسە بکات."
رێبوار بابکەیی پێشیوایە "دەکرێت لێرە بەدواوە پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئاستتێکی باڵا رای هەبێت لەسەر پرسە سیاسییەکان، چارەنووسسازەکان و ستراتیژییەکان".
دیدارەکە چەند پانێڵێک لەخۆدەگرێت:
لە پانێڵێ یەکەمدا گفتوگۆدەکرێت لەبارەی دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق و بایەخی بۆ هەرێمی کوردستان، کە هەریەک لە فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بەشداردەبن.
لە پانێڵی دووەمدا هەڕەشە و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان لە دوای داعش لەسەر هەرێمی کوردستان و هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. لە پانێڵی سێیەمیشدا چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەرفەت و ئاستەنگەکانی باسدەکرێت.
پانێڵی چوارەمی دیدارەکە تایبەتە بە قسەکردن لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و گۆڕانکارییە سیاسییە چاوەڕوانکراوەکان. لە پانێڵی پێنجەم و کۆتاییشدا لەبارەی پەرشوبڵاویی هێزە سیساسییەکان و کاریگەری لەسەر پێگە و قەوارەی هەرێمی کوردستان گفتوگۆدەکرێت.
