رووداو دیجیتاڵ
لە دووەم رۆژی سەردانەکەی بۆ بەغدا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بارەگای رەوتی حیکمەی نیشتمانی و لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند: کاژێر 09:00ی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 11-4-2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە بارەگای رەوتی حیکمە لە بەغدا و لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتەکە و سەرۆکی هاوپەیمانی عێراقیون پێشوازی لێ‌کرا و ئێستا هەردوولا لە کۆبوونەوەدان.
بەپێی بەرنامەی دیدار و سەردانەکانی بێت، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا نزیکەی 9 کۆبوونەوەی جیاوازی دەبێت، لەگەڵ هەریەک لە سەرکردەکانی شیعەو سوننە. بڕیاروایە لەگەڵ نووری مالیکی، هادی عامری، خەمیس خەنجەر، ئوسامە نوجێفی و رەوتی سەدر کۆببێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی دوو رۆژە لە بەغدایە، ئێوارەی رۆژی شەممە 10ی نیسانی 2021، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، د. فائق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوە. بڕیارە ئەمڕۆش ژمارەیەک دیدار‌و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق هەبێت.
دوای نیوەڕۆی رۆژی شه‌ممه 10-04-2021 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە بەغدا و له به‌غدا له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمى، سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق كۆبووه‌وه. بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا، هاريكارى و هاوئاهەنگيى نێوان دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌تى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا تاوتوێکراوە، هەروەها باسی هه‌نگاوه‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و تاوان و هاريكاريى هه‌ردوولا بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شنگال کراوە.
ئێوارەی هەمان رۆژ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له به‌غدا له‌گه‌ڵ د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح، سه‌رۆكکۆماری عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەیاندا، جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە "پێویستە بودجە لەپێناو دابینكردنی خۆشگوزەرانيی ھاووڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكانی بژێوی و مووچەدا جێبەجێ بكرێت."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی سەردانەکەیدا لەگەڵ فائق زێدان، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى دادوه‌ريى عێراق و ژماره‌يه‌كى له دادوه‌ران و سه‌رۆكى دادگەكان كۆبووه‌وه.
هەمان رۆژ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش کۆبووەوە. هاوکات لەگەڵ ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کۆبووەوە. هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەلایەن ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبییەوە بۆ سه‌ردانى باره‌گاى كۆمكارى عه‌ره‌بى له قاهيره بانگهێشت كرا.