رووداو - هەولێر
جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا گەیشتە هەولێر، بڕیارە لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 29-1-2020 میخائیل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و نوێنەری ڤلادمیر پووتین بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا بە فڕۆکەیەکی تایبەت لە مۆسکۆوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.
گەشتەکەی میخائیل بۆگدانۆڤ بۆ هەرێمی کوردستان راستەوخۆ بووە لە مۆسکۆوە بۆ هەولێر، جیاواز لە سەردانی بەپرس و سەرۆک و سەکردەکانی دیکەی وڵاتان کە راستەوخۆ چوونەتە بەغدا و پاشان هەولێر.
پەیامنێری رووداو دەڵێ، میخائیل بۆگدانۆڤ تاوەکو سبەی ئێوارە لە هەرێمی کوردستان دەبێت، بڕیارە لەو دوو رۆژەدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، پرسی وزە، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و ئەمنیەتی کۆنسوڵخانەکان لەو مژارانە دەبن کە لەنێوان بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا تاوتوێ دەکرێن.
رۆژی 7-10-2017 سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بارودۆخی رۆژههڵاتی ناوهڕاست، عێراق و چهند پرسێكی سیاسی و تایبهت به وزه تاوتوێکران.




