رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 26ـی تشرینی دووەم، هەزاران کەس لە هەرچوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆرا لەبەردەم قەڵای هەولێر گردبوونەوە و خۆپێشاندانێکی فراوانیان دژی بڕیارەکانی 24ـی ئەم مانگەی حکومەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان رێکخست.
لە خۆپێشاندانەکەدا کە سەنتەری شاری هەولێر و نێو بازاڕی گرتەوە، پیاوان، ژنان و منداڵان بێ جیاوازیی تەمەن، شانبەشانی هونەرمەندان، مامۆستایان، چالاکڤانان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بەشدار بوون و پێکەوە دروشمیان دژی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق دەگوتەوە.
شڤان پەروەر، هونەرمەندی ناسراوی کورد یەکێک بوو لە بەشداربووانی خۆپێشاندانەکە و لەبارەی دۆخەکەوە گوتی: پەیامی من بۆ نەتەوەی کورد لە هەموو جیهان سەرهەڵدانە و هەستانە و مافی خۆپاراستنە.
هەروەها 50 قوتابیی ئامادەیی زۆزانی کچان لەگەڵ مامۆستاکانیان بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کرد. ئایندە حەمید، یەکێک لە قوتابییە بەشداربووەکان گوتی: بە سەرپەرشتی و پشتگیریی قوتابخانەکەمان ئێمە لێرەین، دەمانەوێت ئەوە بگەیێنین کە کورد هەر یەک دەبێت و هەر یەکیش بووە.
جگە لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکە، بەشێک لە کوردانی دیاسپۆراش لە خۆپێشاندانەکەدا ئامادە بوون. میران نەوزاد، خۆپێشاندەرێکە و دەڵێت: لە هۆڵەنداوە هاتووم؛ من لە ساڵی 2011ـش هاتمەوە و تاوەکو 2016 بەشداربووم لە شەڕی داعش، ئەگەر وڵات و ئەم نیشتمانە نەبێت ئێمەش هیچ نین.
هاوکات ئەیوب ئیبراهیم، یەکێکی دیکە لە خۆپێشاندەران ئاماژەی بە ئیرادەی گەلی کورد کرد و گوتی: بزن ئەگەر لەگەڵ شاخ بەشەڕبێت تەنیا قۆچی خۆی لەدەستدەدات، بۆیە بەڕاستی ئەوانە ناتوانن بە هیچ شێوەیەک ئیرادەی ئێمە و میللەتی کورد لەنێوببەن.
ئەم ناڕەزاییە دوای ئەوە دێت کە رۆژی 24ـی ئەم مانگە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق زنجیرەیەک بڕیار و رێکاری کارگێڕی، دادوەری، ئەمنی و تەکنیکیی دەرکرد، کە لەنێویاندا گرتنەبەری رێکاری نوێ بەرامبەر دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان هەیە.




