رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بڕیاری راگرتنی جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی پێشابوور - سێمالکا تاوەکو کاتێکی نادیار درا و بەهۆیەوە دەیان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر رێگەی پەڕینەوەیان بۆ رۆژئاوای کوردستان پێنەدراوە.
بەرپرسێکی باڵای دەروازەکە دەڵێت، هاتووچۆی گەشتیاران ئاساییە.
بەرپرسێکی گومرگی لە دەروازەی پێشابوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە کاژێر 06:15ـی ئێوارە بڕیاری راگرتنی جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەکە تاوەکو کاتێکی نادیار دەرچووە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، دەیان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە دەروازەکە چاوەڕێی پەڕینەوە بوون، بەڵام بەهۆی بڕیارەکەوە رێگەیان پێنەدراوە دەربازی رۆژئاوای کوردستان ببن و گەڕێندراونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵا لە دەروازەی پێشابوور زانیارییەکانی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "بڕیاری راگرتنەکە تەنیا لایەنی بازرگانی و ئاڵوگۆڕی کاڵا دەگرێتەوە، دەروازەکە بە رووی هاتووچۆی گەشتیاران و هاونیشتمانییاندا کراوەیە و خەڵک دەتوانن بەپێی رێنماییەکان بە ئاسایی هاتووچۆ بکەن."



