رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رایدەگەیێنێت کە یەکڕیزیی یەکێتی و پارتی لە بەرامبەر بڕیارەکانی بەغدا "شۆک" بووە بۆ لایەنە عێراقییەکان، کە پێیان وابووە ناکۆکییە ناوخۆییەکان رێگر دەبێت لە هەڵوێستی هاوبەش. ئەو دەڵێت، یەکێتی سوورە لەسەر رووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێک بۆ "لێسەندنەوەی دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستان".
عەباس فەتاح، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەکانی ناوخۆی حیزبەکەی بۆ تاوتوێکردنی ئەو دۆخە بووە کە هاتۆتە پێشەوە و پێویستی بە دۆزینەوەی رێگەچارەیە. ئەو رایگەیاند کە دۆخی ئێستا "زۆر تایبەتییە" و پێویستی بە یەکدەنگیی هەموو لایەنە سیاسی و چین و توێژەکانی کوردستان هەیە.
ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی دان بە بوونی "ناکۆکیی زۆر" لەنێوان لایەنەکاندا دەنێت و دەڵێت: "ناکۆکییەکانیش لە بۆشایی دروست نەبوون و هەموو حیزبەکان هەر یەکە و بەپێی خۆی کەمتەرخەمیی بەردەکەوێت و ئەوانەی لە دەسەڵاتن زیاتریان بەردەکەوێت."
سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتی، عەباس فەتاح جەختی کردەوە: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی کە هەموو هێزە نیشتمانییەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکدەنگی و بە یەکڕەنگی رووبەڕووی هەر هێزێک دەبینەوە، کە بیەوێت ئەم قەوارەیە تێکبدات و دەسەڵاتەکانی لێ بسەنێتەوە." ئەو روونیکردەوە کە بەیاننامە هاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی لایەنە عێراقییەکانی تووشی شۆک کردووە، چونکە "ئەوان پێیان وابوو ئەم ناکۆکییەی کە ئێمە هەمانە، پێمان خۆشە ئەم وڵاتە کاول بێت."
عەباس فەتاح، داوای کرد کە دۆخی ئێستا ببێتە هۆکارێک بۆ پێداچوونەوە و گوتی: "دەبێت ئەمە رامانچڵەکێنێت. بۆ بەردەوام یەک نەبین بۆ ئەوەی بەرامبەرەکانمان رێزمان بگرن؟" ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە یەکڕیزی لە قۆناخەکانی بەرەی کوردستانی، پێکهێنانی حکومەتی عێراقی نوێ و شەڕی داعشدا "سەرکەوتنی" بەدەستهێناوە.
لەبارەی هەوڵەکانی گفتوگۆوە، عەباس فەتاح ئاشکرای کرد کە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، "بە دەیان جار" ئامادەیی نیشان داوە بۆ کۆبوونەوە، دووپاتی کردەوە یەکێتی دژی ئەوە نییە "هیچ دەزگایەکی چاودێری لە عێراق" رۆڵی هەبێت لە رێگریکردن لە "گەندەڵی و نادادپەروەری،" بەڵام جەختی کردەوە: "قبووڵمان نییە کەس بە هێزەوە بێت هەرێمی کوردستان داگیر بکات."


