رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، پارتی و یەکێتی بەبێ مەرج پشتیوانیی عەلی زەیدییان کردووە، دەبوایە پێشتر بزانن چیی بۆ کورد پێیە. هۆشداریش دەداتە سەرۆکوەزیرانی عێراق و دەڵێت، هەر کەسێک روو لە کوردستان بکات، ئەنجامی لەوانەی پێش خۆی باشتر نابێت.
محەممەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "هەردوو حیزبە بە دەسەڵاتەکانی کوردستان پارتی و یەکێتی بەبێ شەرت و مەرج پشتگیری و پشتیوانیی عەلی زەیدییان کرد، دەبوایە لەگەڵی دانیشتبان بزانن چیی پێیە بۆ کورد ئینجا پشتیوانیی بکەن، کە ئەمە چەندین جارە دووبارە دەبێتەوە."
ئەم پەیامەی محەممەدی حاجی مەحموود لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ سێشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق زنجیرەیەک بڕیاری لەبارەی هەرێمی کوردستان دەرکرد، لەوانە وەرگرتنەوەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە و راسپاردنی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان.
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و گوتی: "ئامۆژگاریی عەلی زەیدی و ئەوانەی دەوروبەری دەکەم، کە بیربکەنەوە و سەیری رابردووی خۆیان بکەن لە عێراقدا، ئەوانەی دژی کورد بوون چییان بەسەرهات و بۆ کوێ رۆیشتن؟ ئەگەر عەلی زەیدی عاقڵ و ژیر نەبێت، عاقیبەتی لەوان باشتر نابێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا محەممەدی حاجی مەحموود باسی لە پێگە و مێژووی کورد کرد و گوتی: "کورد زیاتر لە 50 ملیۆنە. کورد ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان هێزێکی گەورەی لەبن نەهاتووی هەیە کە پێشمەرگە و خەڵکی کوردستانە. کورد بۆ ئەنفال تەنازوولی نەکرد، کیمیاوی لێدرا، وڵاتەکانمان وێران کرا لەلایەن عەرەبەکانەوە، ئەوەی لە دەستیان هات بەرامبەر خەڵکی کوردستان کردیان. ئێستا کەسێکیان هێناوە تەمەنی کەمە، پێویستە مێژوو بخوێنێتەوە تاوەکو بزانێت ئەوانەی پێش ئەو چییان لێهات و لە کوێن. بۆیە من جارێکی دیکە ئامۆژگاریی دەکەم هەر کەسێک روو لە کوردستان بکات، نەتیجەی لەوانی دیکە باشتر نابێت."
محەممەدی حاجی مەحموود وەڵامە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی بە لاواز ناودەبات و دەڵێ: "کوردستان هەرێمێکی دەستوورییە لە عێراقدا، هەرچەندە ئەمڕۆ لەوانەیە عێراق سوودی لە کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی وەرگرتبێت. هەردوو حیزبەکە بەیانێکیان دەرکردووە، بە رای من زۆر بەهێز نییە و شەرمنانەیە. ئێمە بە بەغدا دەڵێین، ئێمە ئەو وڵاتەمان بە خوێنی هێزی پێشمەرگە و بە خوێنی خەڵکی کوردستان و میللەتەکەمان بەدەستهێناوە، جارێکی دیکە رێگەنادەین مێژوو دووبارە نابێتەوە."
هەروەها گوتی: "ئەوان ئێستا هیچ سەروەرییەکیان نییە لە عێراق، بەڵام هەڕەشە لە خەڵکی کوردستان دەکەن. دڵنیای دەکەمەوە لەبەرامبەر هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان تەفروتوونا دەکرێن و ئەو حوکمەی ئێستاش هەیانە نامێنێت."
لەبارەی ئامادەیی هێزەکانیان و پەیامی بۆ پارتی و یەکێتی، محەممەدی حاجی مەحموود رایگەیاند: "داوا لە لایەنە کوردستانییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە دەکەم ئامادەبن؛ ئێمەش هێزی حیزبەکەمان ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر جموجۆڵێکی رژێمی عەلی زەیدی و عێراق لە هەر جێگەیەکی کوردستان بێت. داوا لە پارتی و یەکێتی دەکەم، هەرچەندە ئەمڕۆ پەیامێکی شەرمنانەتان دەرکرد، پێویستە بە جورئەتەوە دابنیشن، هەموو ئەو پیلانانەی دژی کورد دانراون تێکیانبدەن، پێکەوە رێکبکەون و چارەسەری کێشەکانی خۆتان بکەن، چونکە دوژمن دژی کورد و کولتووری کورد و خاکی کوردە و جیاوازی ناکەن چ لایەنێکن؛ بۆیە پەلە بکەن لەم یەک دوو رۆژەدا بگەنە نەتیجەیەکی باش و رێکبکەون، ئەگەرنا خۆیان زەرەر دەکەن و میللەتەکەشیان زەرەر دەکات."
لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەدا کە عەلی زەیدی دەریکردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوایان کرد هەموو لایەک پابەندی دەستوور بن، هاوکات ئەو بڕیارانەی بە پێچەوانەی دەستوور وەسف کرد و رەتیانکردنەوە.




