رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی بڕیارەکانی عەلی زەیدی دژی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بڕیارەکانی ئەمڕۆی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشهاتێکی مەترسیدارە و درێژکراوەی ئەو هەنگاوانەیە کە دەسەڵاتی ناوەند بەهێز دەکەن و بنەماکانی فیدڕاڵیزم لاواز دەکەن".
بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ سێشەممە دوای بڕیارەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و دەروازە سنوورییەکان بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "جەخت دەکەینەوە کە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە نابێت ببێتە پاساو بۆ پێشێلکردنی دەستوور، کاڵکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بچووککردنەوەی پێگەی کورد لە هاوکێشەی نوێی عێراقدا".
بزووتنەوەی گۆڕان لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەدات، "داواکارین حکومەتی فیدڕاڵ بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی هەرێم، پێداچوونەوە بەم بڕیارانەدا بکات و دەستوور بکاتە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان؛ بە شێوەیەک دەسەڵاتە بەرپاکانی هەرێمی کوردستان، وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی دانپێدانراو، بەتایبەت لە شێوازی بەڕێوەبردنی کەرتی وزە و نەوت و گازدا، بکرێتە ئەرکێکی هاوبەش و دەستووریی هەردوولا".
دەقی راگەیێندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان:
بانگەوازێک لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە..
بڕیارەکانی ئەمڕۆی بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەبارەت بە خستنەژێر دەسەڵاتی فیدڕاڵیی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و قۆرخکردنی دەسەڵاتی مۆڵەتپێدانی هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵدا، پێشهاتێکی مەترسیدارە و درێژکراوەی ئەو هەنگاوانەیە کە دەسەڵاتی ناوەند بەهێز دەکەن و بنەماکانی فیدڕاڵیزم لاواز دەکەن.
لە کاتێکدا ئێمە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە بنبڕکردنی دیاردەی قاچاخچێتی، چەسپاندنی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین، لە هەمان کاتدا جەخت دەکەینەوە کە چارەسەرکردنی ئەم کێشانە نابێت ببێتە پاساو بۆ پێشێلکردنی دەستوور، کاڵکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بچووککردنەوەی پێگەی کورد لە هاوکێشەی نوێی عێراقدا.
لەسەر ئەم بنەمایە، داواکارین حکومەتی فیدڕاڵ بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ حکومەتی هەرێم، پێداچوونەوە بەم بڕیارانەدا بکات و دەستوور بکاتە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان؛ بە شێوەیەک دەسەڵاتە بەرپاکانی هەرێمی کوردستان، وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی دانپێدانراو، بەتایبەت لە شێوازی بەڕێوەبردنی کەرتی وزە و نەوت و گازدا، بکرێتە ئەرکێکی هاوبەش و دەستووریی هەردوولا.
هەرچەندە ئەم هەنگاوانەی بەغدا زەنگێکی مەترسیدارن و جارێکی دیکە ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە دەسەلمێنن کە پەرتەوازەیی ناوخۆیی، لاوازیی دامەزراوە نیشتمانییەکان و نەبوونی حوکمڕانییەکی دروست، پێگەی هەرێمی کوردستانیان لاواز کردووە و دەرفەتیان بۆ پاشەکشەپێکردنی مافە دەستوورییەکانمان ڕەخساندووە، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە هەر کاتێک ناوماڵی کوردستان پەرتەوازە بووبێت، مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان کەوتوونەتە بەر مەترسی.
هەر بۆیە لەم قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەدا، پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتە نەتەوەییەکانمان بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە لەسەر شانی هەمووان. لەم ڕوانگەیەوە، بانگەوازێکی نیشتمانی ئاراستەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین کە بە زووترین کات کۆ ببنەوە و ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن؛ لەپێناو داڕشتنی ستراتیژێکی نیشتمانیی یەکگرتوو، بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و بەهێزکردنی پشتیوانیی جەماوەری و ئاشتکردنەوەی خەڵکی کوردستان، تا بە یەک گوتار و هەڵوێستێکی بەهێزەوە داکۆکی لە ئیرادەی سیاسی و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین.
بزووتنەوەی گۆڕان
٢٤ی ١١ی ٢٠٢٦



