رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا لەبارەی دوایین بڕیار و رێوشوێنەکانی عێراق جەخت دەکەنەوە کە دەبێت دەستوور حەکەم بێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا و رایدەگەیێنن، "پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان هێڵی سوورن."
لە راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا کە رۆژی سێشەممە 24-11-2026 بڵاوکرایەوە، پارتی و یەکێتی ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو راگەیێندراوەی لەلایەن گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە لەگەڵ ئەو پێشهات و رێوشوێنانەی لەم چەند رۆژەدا لە عێراقدا لە ئارادان، "بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن."
هەردوو حیزبەکە دەڵێن: "هەموو لایەک باش دەزانن هەرێمی کوردستان لەو مافانەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە زیاتری داوا نەکردووە و بە درێژایی ساڵانی رابردوو مافە دەستوورییەکانی پێشێل کراون."
پارتی و یەکێتی جەختیان لە پابەندبوونی هەموو لایەک بە دەستوور کردووەتەوە و رایانگەیاندووە، ئەگەر کێشەیەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا هەبێت، دەبێت دەستوور حەکەم بێت لە نێوانیاندا؛ هەروەها دووپاتی دەکەنەوە کە "جگە لە دەستوور، هەر رێوشوێن و بڕیارێکی دیکە لە دژی هەرێمی کوردستان، دژی دەستوورە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە: "هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی دوورودرێژی گەلی کوردستانە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان هێڵی سوورن."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایانگەیاندووە کە ئەوان لەگەڵ دیالۆگ، شەفافیەت و لێکتێگەیشتندان و جەخت دەکەنەوە کە "بڕیاری تاکلایەنە خزمەتی ئەمنیەت و سەقامگیریی عێراق ناکات."
دەقی راگەیێندراوی هاوبەشی پارتی و یەکێتی
راگەیێندراوی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق و ئەو پێشهات و رێوشوێنانەی لەم چەند رۆژەدا لە عێراق لە ئارادان، بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان چاوەڕواننەکراو و جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرن.
هەموو لایەک باش دەزانن هەرێمی کوردستان لەو مافانەی لە دەستووری عێراقدا هاتوون زیاتری داوا نەکردووە و بە درێژایی ساڵانی رابردوو مافە دەستوورییەکانی پێشێل کراون.
ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەموو لایەک پێویستە پابەندی دەستوور بن و ئەگەر کێشەیەکیش لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا هەبێت، دەبێ دەستوور حەکەم بێت لە نێوانیان. جگە لە دەستوور هەر رێوشوێنێک و بڕیارێکی دیکە لەدژی هەرێمی کوردستان دژی دەستوورە. هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی دوورودرێژی گەلی کوردستانە و پێشێلکردنی ماف و دەستکەوتەکان هێڵی سوورن.
ئێمە لەگەڵ دیالۆگ و شەفافیەت و لێکتێگەیشتنین و بڕیاری تاکلایەنە خزمەتی ئەمنیەت و سەقامگیری عێراق ناکات.
24ـی تشرینی دووەمی 2026
پارتی دیموکراتی کوردستان
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


