کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە

کوردستان

شاندی ئیمراڵی دوای کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان: لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییداین

تەنیا ئەحمەد

تەنیا ئەحمەد

23-11-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
تەنیا ئەحمەد
تەنیا ئەحمەد23-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

داتای پێگەیەکی جیهانی: هەوای هەولێر نزیکەی نۆ هێندەی ستانداردی جیهانی پیسە
کوردستان23-11-2026

داتای پێگەیەکی جیهانی: هەوای هەولێر نزیکەی نۆ هێندەی ستانداردی جیهانی پیسە

ئامەدسپۆر کەمپینێکی گەیاندنی درێس بۆ منداڵانی 7 پارێزگای باکووری کوردستان دەستپێدەکات
کوردستان23-11-2026

ئامەدسپۆر کەمپینێکی گەیاندنی درێس بۆ منداڵانی 7 پارێزگای باکووری کوردستان دەستپێدەکات

بەدواداچوونی رووداو؛ قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی زیاتر لە 6 ملیۆن لیتر نەوتن
کوردستان23-11-2026

بەدواداچوونی رووداو؛ قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی زیاتر لە 6 ملیۆن لیتر نەوتن

رووداو دیجیتاڵ


شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاوکردەوە.


بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئۆجەلان رایگەیاندووە، تورکیا لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و قۆناخێکی نوێدایە و گوتوویەتی: "کورد خوازیاری ئاشتی و برایەتی و خاوەنداریکردنە لە کۆمارێکی دیموکراسی کە تێیدا وەک پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی دامەزرێنەر بە یاسا بپارێزرێ."


رۆژی دووشەممە 23-11-2026، شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی راگەیێندراوێکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، رۆژی یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەم لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەتەوە.


شاندەکە دەڵێ، ئۆجەلان لە مانگی رابردوودا گوێزراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ کە لە نێو زیندانەکەدا دروستکراوە و ئەمەشیان بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ مەرجەکانی کارکردن و ژیانی ئۆجەلان باس کردووە.


لەگەڵ ئەوەشدا گوتوویانە، "دەبێت دەرفەتی پەیوەندیکردن بڕەخسێندرێ تاوەکو ئۆجەلان بتوانێت خۆی کارە دوو ساڵییەکەی تایبەت بە یەکێتیی مێژوویی و ئاشتیی نێوان تورک و کورد بە شێوەیەکی گشتگیر بۆ میدیا و رای گشتی بخاتەڕوو."


لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە قۆناخی ئێستای "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی"ـدا پێویستە ئەو لیژنانەی لە چوارچێوەی یاسادا دیاریکراون چالاک بکرێن و زەوینەی یاساییان بۆ بڕەخسێندرێ؛ ئۆجەلانیش سوورە لەسەر بەردەوامیدان و قووڵکردنەوەی کارەکانی وەک "رێکخەری ئاشتی و بەسیاسیکردن".


هۆشداری لە تێکدانی پرۆسەکە


بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی شاندی ئیمراڵی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دیدارەکەدا هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی سیاسیی تورکیا و پرۆسەی چارەسەری کردووە و رایگەیاندووە: "لەبەردەم قۆناخێکداین کە لایەنی کردەیی بەهێزە و دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی کۆماردا. تێپەڕاندنی ئەم قۆناخەش پێویستی بە وردبوونەوەی هەمەلایەنە و ئاگاداربوون لە مەترسییەکان هەیە."


ئۆجەلان هۆشداری داوە لەوەی سیاسەت لە تورکیا بکەوێتە نێو بازنەی "گوشار، هاندان و کاردانەوە" و گوتوویەتی: "کاتێک ئەم هاوکێشەیە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا دادەخات، ئەگەرێکی جیدی هەیە زەوینە بۆ جووڵەی هێزە نادیموکراسییەکان بڕەخسێت کە ئامانجی سەرەکییان هەمیشە کورد و هێزەکانی ئاشتی و دیموکراسی بووە."


عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەهێزکردنی پرۆسەکەی لە رێگەی یاسای دیموکراسی و سیاسەتی ئازادەوە بە باشترین رێکار زانیوە "بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵە تێکدەرانەکان."


پرسی کورد و کۆماری دیموکراسی


لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئۆجەلان پرسی کوردی بە "پرسی دیموکراسی" ناوبردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە لە بەرژەوەندیی هەموو گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیادایە و دژی عەقڵییەتی رەگەزپەرستی و کودەتاچییەکانە.


ئۆجەلان گوتوویەتی: "دادپەروەری، یاسا و دیموکراسی تەنیا داواکاریی کورد نین، بەڵکو داواکاریی هەموو گەلی تورکیان. کورد لەگەڵ ئاشتی، برایەتی و خاوەنداریکردنە لە کۆمار تاوەکو کۆتایی، ئەمەش لەسەر زەوینەیەکی دیموکراسیی پارێزراو دێتەدی کە دان بە هەموو ناسنامەکاندا بنێت."


هەروەها جەختی کردووەتەوە، لەگەڵ هەموو دیموکراتخوازەکاندا کار بۆ بنیاتنانی "کۆماری دیموکراسی" دەکەن، بەتایبەتی لە رێگەی پێدانی گەرەنتیی یاسایی بە کورد وەک پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی دامەزرێنەر، کە بەوەش تورکیا دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.


رەخنە لە دۆخی زیندانەکان


سەرەڕای ئامانجە گەورەکانی پرۆسەکە، ئۆجەلان رەخنەی تووندی لە بەشێک لە پێشهاتەکانی ئێستا گرتووە و رایگەیاندووە، مردنی زیندانییان لە نێو گرتووخانەکان، هەڵوەشاندنەوەی ئازادکردنی مەرجدار (سووتاندنی ماوەی سزاکان) و جیاوازیی مامەڵەکردن لە زیندانە جیاوازەکاندا هیچ پاساوێکیان نییە و وەک "هەوڵێکی تێکدەرانە دژی پرۆسەکە" هەژمار دەکرێن.


لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوە کردووە، بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراسی گەرەنتیی داهاتوویەکی ئازاد و یەکسانە نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەل و باوەڕە جیاوازەکانی نێو تورکیا.


دەقی راگەیێندراوەکە


بۆ میدیا و رای گشتی


رۆژی 22ـی تشرینی دووەمی 2026، وەک شاندی ئیمراڵی لە دوورگەی ئیمراڵی دیدارێکمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا.


وەک لە مانگی رابردوودا لە میدیا و رای گشتیشدا رەنگی دایەوە، بینیمان کە بەڕێز ئۆجەلان گوێزراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێ کە لە نێو باڵەخانەی زیندانەکەدا دروستکراوە. روونە کە ئەم پێشهاتە لە رووی مەرجەکانی کارکردن و ژیانەوە پێشهاتێکی ئەرێنییە. ئەوەی ئێستا پێویستە بکرێ، رەخساندنی دەرفەتی پەیوەندیکردنە تاوەکو بەڕێز ئۆجەلان بتوانێت کارە گەورە دوو ساڵییەکەی تایبەت بە پێکەوەبوونی مێژوویی و ئاشتیی نێوان تورک و کورد، بە شێوەیەکی گشتگیر و راستەوخۆ بۆ میدیا و رای گشتی بخاتەڕوو. لە قۆناخی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیدا، پێویستە ئەو لیژنانەی لە چوارچێوەی یاسادا دیاریکراون چالاک بکرێن و زەوینەی یاساییان بۆ بڕەخسێندرێ. بەڕێز ئۆجەلانیش لەم قۆناخەدا سوورە لەسەر بەردەوامیدان و قووڵکردنەوەی کارەکانی وەک رێکخەری ئاشتی و بەسیاسیکردن.


هەڵسەنگاندنەکانی بەڕێز ئۆجەلان لە چوارچێوەی دیدارەکەدا بە کورتی بەم شێوەیەن:


- لەبەردەم قۆناخێکداین کە لایەنی کردەیی بەهێزە و دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی کۆماردا. تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە و چوونە نێو سەردەمێکی نوێ، پێویستی بە وردبوونەوە و کارکردنی هەمەلایەنە و هەروەها ئاگاداربوون لە مەترسییەکانە.


- پێویستە سیاسەت لە تورکیا لە نێو هاوکێشەی گوشار، هاندان و کاردانەوەدا قەتیس نەمێنێت. کاتێک ئەم هاوکێشەیە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا دادەخات، ئەگەرێکی جیدی هەیە زەوینەیەک بڕەخسێت کە تێیدا هێز و داینامیکە نادیموکراسییەکان—هاوشێوەی ئەوەی بە درێژایی مێژووی کۆمار هەبووە—لەسەری بجووڵێنەوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم پێکهاتانە هەمیشە کورد لە پێش هەمووانەوە و هێزەکانی ئاشتی و دیموکراسی بووە و لە پێناو ئەم ئامانجەشدا گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسی وێران دەکەن. بەهۆی ئەوەی ئەم پرۆسەیەی کە بە وردبینییەکی زۆرەوە بەڕێوەی دەبەین هەڵگری توانایەکی بەهێزی گۆڕانکارییە بۆ وڵات و ناوچەکە، هەمیشە هەوڵی ناوەندە جیاوازەکانیش دەبێ بۆ خستنەگەڕی پیلانی تێکدەرانە. کاریگەرترین رێکاریش دژی ئەمانە، بەهێزکردنی پرۆسەکەیە لە رێگەی یاسای دیموکراسی و سیاسەتی ئازادەوە.


- پرسی کورد وەک پرسێکی دیموکراسی هەڵدەسەنگێنم. ئەنجامدانی هەوڵێکی مێژوویی بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی لەم شێوەیە، لە بەرژەوەندیی هەموو گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیادایە، بەڵام لە دژی عەقڵییەتی رەگەزپەرستی و چالاکییە کودەتاچییەکانە. سیاسەتی دیموکراسی ناکرێت لەسەر بنەمای رووداو و پەیوەندییە رۆژانەکان بەڕێوەببرێ، بەڵکو پێویستی بە بەرنامەیەکی یەکگرتووی بنەماکانە و لەسەر بنەمای پرەنسیپەکان مامەڵە لەگەڵ یەکدی دەکات. پێویستە گۆڕەپانی سیاسەت توانای خۆی لە بەرهەمهێنانی دیموکراسیدا نیشان بدات.


- دادپەروەری، یاسا و دیموکراسی تەنیا داواکاریی کورد نین، بەڵکو داواکاریی هەموو گەلی تورکیان. کورد لەگەڵ ئاشتی و برایەتی و خاوەنداریکردنە لە کۆمار تاوەکو کۆتایی. بەشداریکردنی کورد لە کۆماردا دەتوانێت لەسەر زەمینەیەکی دیموکراسیی پارێزراو بێتەدی. کۆمارێکی لەم شێوەیەش بە داننان بە هەموو ناسنامەکاندا دەتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنێت. ئەو کۆماریخوازە تەسکبینانەی کە بەمە نیگەران دەبن، بە لۆژیکی (با بچووک بێت، بەڵام هی خۆم بێت) بیردەکەنەوە. لە بەرامبەردا، کۆماری دیموکراسیی تورکیا گەورە دەکات و دەیکاتە مۆدێلێک.


- لە بەرامبەر ئەم ئامانجە گەورانەدا، هەندێک لەو دۆخانەی ئەمڕۆ روودەدەن هیچ جۆرە پاساو و قبووڵکردنێکیان نییە، بەتایبەتی بوونی مردن لە زیندانەکاندا، سووتاندنی ماوەی سزاکان و پەرەپێدانی مامەڵەی جیاواز لە زیندانە جیاجیاکاندا، هاندان دژی پرۆسەکە لەخۆدەگرێ.


- بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراسی، گەرەنتیی داهاتوویەکی ئازاد و یەکسانە نەوەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەل و باوەڕە جیاوازەکانی نیشتەجێی تورکیا. وەک چۆن بۆ هەموو بابەتەکان وایە، تێڕوانینمان بۆ پرسی باوەڕەکانیش لەسەر ئەم بنەمایەیە. ئێمە ئەو کۆمەڵگەبوونە بە بنەما دەگرین کە بتوانێت بە ئازادی کولتووری خۆی بژی، بە دڵنیاییەوە مافەکانی بەکاربهێنێت و ئەمانە بگەیێنێتە ئاستی بنەما و بەدامەزراوەییکردنی دیموکراسی.


- بەتایبەتی لە رێگەی پێدانی گەرەنتیی یاسایی بە کورد وەک پێکهاتەیەکی بنەڕەتیی دامەزرێنەر، لەگەڵ هەموو ئەو دیموکراتخوازانەی کە باوەڕیان وایە تورکیا دەتوانێت ببێتە مۆدێلێکی پێشەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و ئەمە بە بنەما دەگرن، پێکەوە کۆماری دیموکرای دەکەینە ئامانج."


لەگەڵ رێزدا.

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی

23ـی تشرینی دووەمی 2026


بابەتی پەیوەندیدار

داتای پێگەیەکی جیهانی: هەوای هەولێر نزیکەی نۆ هێندەی ستانداردی جیهانی پیسە
کوردستان23-11-2026

داتای پێگەیەکی جیهانی: هەوای هەولێر نزیکەی نۆ هێندەی ستانداردی جیهانی پیسە

ئامەدسپۆر کەمپینێکی گەیاندنی درێس بۆ منداڵانی 7 پارێزگای باکووری کوردستان دەستپێدەکات
کوردستان23-11-2026

ئامەدسپۆر کەمپینێکی گەیاندنی درێس بۆ منداڵانی 7 پارێزگای باکووری کوردستان دەستپێدەکات

بەدواداچوونی رووداو؛ قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی زیاتر لە 6 ملیۆن لیتر نەوتن
کوردستان23-11-2026

بەدواداچوونی رووداو؛ قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی زیاتر لە 6 ملیۆن لیتر نەوتن

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە