رووداو دیجیتاڵ
ژینگەپارێزانی زاگرۆس لە بناری چیای شاهۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکییەکی ژینگەیان بۆ منداڵان بەڕێوەبرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، ئەندامێکی رێکخراوی ژینگەپارێزانی زاگرۆس بە رووداوی گوت: "بە مەبەستی پەروەردەکردنی منداڵان و ئاگادارکردنەوەیان لە سەر بابەتە ژینگەییەکان، لە بناری چیای شاهۆ چالاکییەکی ژینگەییمان بەڕێوەبرد."
ئەو ئەندامەی رێکخراوی ژینگەپارێزانی زاگرۆس گوتیشی: "چالاکییەکە بە ئامادەبوونی بەشێک لە خەڵکی گوندی وێزیەر و ژینگەپارێزانی کامێران بەڕێوەچوو."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی رێکخراوی ژینگەپارێزانی زاگرۆس، لە چالاکییەکەدا منداڵان لە چۆنییەتی پاراستنی ژینگە و ئاژەڵان لە نێو سرووشت ئاگادارکرانەوە و چەند کەوێک لە شوێنەکەدا ئازاد کران و قەفەسی کەوەکان سووتێندران.
ئەندامەکەی رێکخراوی ژینگەپارێزانی زاگرۆس ئاماژەی بەوەشکرد، لە بناری چیای شاهۆ منداڵان فێر کران چۆن بەڕوو بچێنن.
ئەم چالاکییە بە هاوکاریی گرووپی میوزیکی دیلان لە کامێران ئەنجام درا و لە کۆتایی چالاکییەکەشدا منداڵەکان سروودێکی ژینگەییان پێشکێش کرد.
ساڵانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەتان هێکتار دارستان و لەوەڕگە بە هۆکاری جیاواز لەنێودەچن، هەر ئەوەش بووەتە هۆی زۆربوونی چالاکیی خۆبەخشانەی ژینگەدۆستان و پارێزەرانی سرووشت.



