دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ یەکێتی و هاوپەیمانەکەی (نەوەی نوێ)، پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەجۆرێ تێکچوو، کار گەیشتە کشانەوەی تیمەکەی لە حکومەت. بەڵام دوای تێپەربوونی 16 رۆژ بەسەر بڕیارەکەی یەکێتیدا، ئەمڕۆ شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی سەردانی مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبەی کرد و کۆبوونەوە.
شاندی پارتی پێکهاتبوون لە مەحموود محەممەد، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی و پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، لای یەکێتیش، هەریەکە لە یوسف گۆران و رێواز فایەق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بەشدار بوون.
کۆبوونەوەکە کاژێر 11:00 لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر بەڕێوەچوو کە بە کۆشکی سپیش ناسراوە، لە 21ی تشرینی دووەم، کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی شەهیدانی یەکێتی. کۆبوونەوەکە نزیکەی یەک کاژێر و نیوی خایاند.
داواکارییەکانی یەکێتی چی بوون؟
بەوپێیەی یەکێتی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە 4ی تشرینی دووەم ناڕازیبوو و هەر ئەوەش وایکرد تیمەکەی لە کابینەی نۆیەمی حکومەت بکشێنێتەوە، سێ داواکاریی سەرەکی لە پارتی هەبووە.
تۆڕی میدیایی رووداو، لە چەند سەرکردەیەکی هەردوو حیزبەوە زانیاریی دەستکەوتووە کە یەکێتی داوای جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی کردووە:
- هەڵوەشاندنەوەی دوایین دانیشتنی پەرلەمان کە تێیدا دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردران.
- ئەو پەرلەمانتارانەی یەکێتی ( 3 پەرلەمانتار ) کە بەشدارییان لە دوایین دانیشتندا کرد، دەستیان پێ لەکار بکێشرێتەوە و یەکێتی جێگرەوەیان بۆ دیار بکات.
- دواتر لەبارەی هەندێ پرس و پۆستی ئەمنی، گفتوگۆ بکرێت.
مەسرور بارزانی: 50 بە 50 گوزارشت لە جەوهەری دیموکراسی ناکات
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی کابینەی نۆی حکومەت، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ کەناڵی شەمس کە ئەمشەو شەممە پەخشکرا، باسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کرد و گوتی، "بۆ پاراستنی شەرعییەتی دامەزراوەکان بووە نەک دژی هیچ لایەنێک"، هاوکات دووپاتی کردەوە کە دابەشکردنی 50 بە 50 گوزارشت لە جەوهەری دیموکراسی ناکات و نابێت هەرگیز شەڕی ناوخۆ لە کوردستاندا هەبێت.
"کاردانەوەی یەکێتی لۆژیکی نەبوو"
مەسرور بارزانی لەبارەی دەنگۆی دابەشکردنی هەرێمی کوردستانیش گوتی، "بێگومان سەر ناکەوێت، چونکە کەس نە مافی هەیە و نە دەسەڵاتی دابەشکردنی کوردستانی هەیە. کوردستان بەرهەمی شەهیدانمانە، هی پێشمەرگەمان، گەلەکەمان و خۆڕاگریی گەلەکەمانە؛ ماندووبوونێکی زۆرمان بۆ ئەم دەستکەوتانە بینیوە و کەس ناتوانێت کوردستان بە ئارەزووی خۆی یان ئەجێندایەکی گوماناوی دابەش بکات."
گوتیشی: "ئەوەی کردوویانە هەرگیز دژی کەس نەبووە، بەڵام کاردانەوەی یەکێتی زۆر لۆژیکی نەبووە."
سەرکردەیەکی پارتی: ئامادەین پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بدەینەوە یەکێتی
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، لە کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممەدا، پەیاممان گۆڕیوەتەوە و پارتی هەڵوێستی خۆی راگەیاندووە.
گوتیشی: "کۆبوونەوەی پەرلەمان کراوە، دژی یەکێتی و هیچ لایەنێک نەبووە، بەڵکو لەپێناو هەرێمی کوردستان بووە، ئێستاش دەرگا دانەخراوە و ئامادەین سەرۆکایەتیی پەرلەمان بدەینەوە بە یەکێتی."
ئەو سەرکردەیەی پارتی کە پێی باش نەبوو ناوی بهێنین گوتیشی، "پارتی هەرگیز دەرگای گفتوگۆ داناخات و ناشیەوێ هەرگیز هەرێمی کوردستان دابەش بێت. کاراکردنەوەی پەرلەمانیش لەبەر ئەوەبوو کە مەترسیی ئەوە لەسەر هەرێمی کوردستان بوو شەرعیەت لەدەست بدات."
ستراتیژی پارتی
بۆ وردەکاریی زیاتر لەبارەی هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان، تۆڕی میدیایی رووداو پەیوەندی بە هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد و پێی گوتین: "پارتی لەگەڵ ئەوەیە هەرێمی کوردستان پارێزراوبێ. پارتی و یەکێتی پێکەوە راپەڕینیان کردووە و هەڵبژاردنیان کردووە و حکومەتیان پێکهێناوە، دەیەوێ بەیەکەوە بن و بەبێ یەکێتی حکومەت پێکناهێنێ."
هیوا گەیلانی دەشڵێ: "دەبێ حساب بۆ هەندێ تایبەتمەندی بکرێ، لای ئێمە یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکومەت و یەک هێزی پێشمەرگە ستراتیژە."
لەبارەی کۆبوونەوەی زیاتر لە داهاتووشدا گوتی: "هەرگیز پارتی دەرگای گفتوگۆ داناخات."
سەرکردەیەکی یەکێتی: نابێ ئەنجامی گفتوگۆکان هەموویان بە دڵی پارتی بن
رابیحە حەمەد، ژنە ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و ماوەیەکی زۆر بەرپرسی مەڵبەندی ئەو حیزبە بووە لە بەغدا، ئەویش لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد.
رابیحە حەمەد گوتی: "یەکێتی خۆی قوربانیی بۆ ئەم ئەزموونەی هەرێم داوە، دەیان هەزار قوربانیی داوە، مام جەلال حەفتا ساڵ خەباتی کردووە بۆ مافەکانی کورد، بۆیە یەکێتی هەرگیز نایەوێ هەرێم دابەش بکات."
رابیحە حەمەد، گلەیی لە هەڵسوکەوتی پارتی کرد و گوتی: "هەندێ جار پارتی پاڵی بە یەکێتییەوە ناوە بۆ ئەوەی وا دەربکەوێ بەو نیازەیە (نیازی دابەشکردنی هەرێمی کوردستان)، بەڵام نا، یەکێتی هەمیشە لەگەڵ گفتوگۆدایە، بەڵام نەک بەو جۆرەی هەموو ئەنجامەکان بە دڵی پارتی بێت."
سەرکردەیەکی یەکێتی: کۆبوونەوەکە سەرەتایەکە
دارا رەشید، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە سەرەتایەکە و ئینشائەڵڵا بەو ئاراستەیە دەڕوات کە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت."
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری رووداودا کە "ئایا یەکێتی بەنیازە سلێمانی لە هەرێمی کوردستان جیابکاتەوە؟" د. دارا رەشید کە هاوکات وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستانە، بە رووداوی گوت، "نەخێر، یەکێتی خۆی بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانێت. ئەمڕۆ یادی رۆژی شەهیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. بستێک لەم کوردستانە نییە، لە هەر چوار پارچەی کوردستانیش کە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان تێیدا خوێنی نەڕشتبێت و شەهیدی نەدابێت. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانێ، بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێ حوکمڕانییەکی رەشید و راستە کە خزمەتکاری هەموو خەڵکی کوردستان بێت."
"یەکێتی و پارتی رێکبکەون، سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەبن"
سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پێویستە پارتی و یەکێتی کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دژی هەر هەوڵێکی تایبەت بە جیاکردنەوەی سلێمانییە لە هەرێمی کوردستاندا.
رۆژی شەممە، 21ـی تشرینی دووەمی 2026، محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا لە سلێمانی رایگەیاند: "یەکێتی و پارتی خۆیان هەست بە کێشەکانی نێوانیان دەکەن. ئەگەر گوێشتان لێبووبێت دەزانن دوێنێ لە عێراقدا چۆن هەڕەشەیان لێکردین، هەربۆیە پێویستە پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، چونکە هیچ کۆسپێک لەبەردەم کۆبوونەوەی دوو حیزبی کوردیدا نییە."
لە وەڵامی پرسیاری پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی، کە پێی باشە سەرجەم حیزبەکان پێکەوە کۆببنەوە یان تەنیا یەکێتی و پارتی کۆببنەوە، محەممەدی حاجی مەحموود گوتی: "رێزم هەیە بۆ سەرجەم حیزبەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەگەر یەکێتی و پارتی رێکبکەون، سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەبن."
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی پەیامنێری رووداو سەبارەت بەوەی هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە یان حکومەت پێکبێت، محەممەدی حاجی مەحموود گوتی: "حکومەت پێکبێت باشترە، چونکە هەڵبژاردنی نوێ هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت."
لەبارەی واژۆکۆکردنەوە بۆ ناساندنی سلێمانی وەک هەرێمێک، سکرتێری پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە باسی چوار پارچەی کوردستان دەکەین و ئێستا بێین بیکەینە پێنج پارچەوە؟ ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی ئەوەین."



