رووداو دیجیتاڵ
بە بەشداریی زانکۆکانی ئیتاڵیا، ئیسپانیا، یەمەن و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و بە پاڵپشتیی تۆڕی یونیمیدی ئەورووپی، وۆرکشۆپێکی نێودەوڵەتی لە زانکۆی گەرمیان بەڕێوەچوو. ئامانجی هەنگاوەکە بەستنەوەی کەرتی کشتوکاڵە بە پیشەسازی، گۆڕینی بیرۆکەی خوێندکارانە بۆ پڕۆژەی سەربەخۆ و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
گەرمیان کە مێژوونووس و شوێنەوارناسان وەک یەکێک لە یەکەم لانکەکانی سەرهەڵدانی کشتوکاڵ لە جیهاندا دەیناسێنن و تەنانەت لە ئەفریقاش کۆنتر کاری جووتیاری و دانەوێڵەی تێدا کراوە، میوانداریی شارەزایانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەکەی کرد.
لە وۆرکشۆپەکەدا تۆڕی یونیمیدی ئەورووپی و زانکۆکانی مۆرسیای ئیسپانی، کالیابریای ئیتاڵی و زانکۆکانی یەمەن لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە کار دەکەن، بۆ ئەوەی ئەزموونی جیهانی بۆ گەشەپێدانی کەرتێکی ستراتیژی لەو دەڤەرە بخەنە گەڕ.
سیلڤیا مارکیۆنێ، مامۆستا لە زانکۆی مۆرسیا لە ئیسپانیا بە رووداوی گوت: دەمانەوێت سوود لە کۆنترین ناوچە لە بواری کشتوکاڵدا وەربگرین کە ناوچەی چەمچەماڵ و گەرمیانە. ئێمە بەڕاستی بڕوامان وایە لە رێگەی ئەم پڕۆژەیەوە دەتوانین هەوڵبدەین زیاتر پاڵپشتیی جووتیاران بکەین.
ئەلیسیا روبیان، مامۆستا لە زانکۆی کالیابریای ئیتاڵیا بە رووداوی گوت: ئێمە باس لە کشتوکاڵ، جووتیاران و کێڵگەکانی ئەم ناوچەیە دەکەین و بەراوردی دەکەین بەو کارانەی لە وڵاتەکانی خۆمان لە ئیسپانیا و ئیتاڵیا دەیکەین.
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکە، داهاتووی دەرچووان و گەنجانی زانکۆ بوو، تاوەکو خوێندکار لە بری چاوەڕوانیی دامەزراندنی حکومی، ببێتە خاوەنی پڕۆژە و کارگەی سەربەخۆی خۆی لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیدا.
سالار مەحموود، مامۆستا و بەڕێوەبەری پەیوەندییە ئەکادیمییەکانی زانکۆی گەرمیان بە رووداوی گوت: خەمی کۆتایی پڕۆژەکە ئەوەیە خوێندکار کاتێک خوێندن تەواو دەکات، بتوانێت لەنێوان راهێنان و تیۆردا کارامەیی و ئەزموونی هەبێت.
ئەم هەنگاوە نێودەوڵەتییە تەنیا وۆرکشۆپێکی تیۆری نییە، بەڵکو دەروازەیەکە تاوەکو زانکۆ ببێتە بزوێنەری ئابووریی ناوچەکە و خاکی دێرینی گەرمیانیش جارێکی دیکە بە شێوازێکی مۆدێرن سەوز ببێتەوە.


