رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری فیدراڵیی هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: لە کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ریم ئەلەبانی رادۆڤان هەردوولا جەختیان لە پێویستیی برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، سهرۆكی حکومەت، "سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی ئەڵمانیای لە هەرێمی کوردستان کرد، بە تایبەتی لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "شاندەکە پشتیوانیی وڵاتەکەیان بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە".
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گرنگی پرۆسەی کاراکردنەوە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، کە دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە وەکو هەنگاوی یەکەمی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمە بەگوێرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.


