رووداو دیجیتاڵ لە کاتێکدا تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد بە خێرایی پێشدەکەون، هاووڵاتییان و شارەزایانی هەورامی نیگەرانن لەوەی شێوەزارەکەیان پشتگوێ خراوە و سەرچاوەی دیجیتاڵیی کەمە. لە دیدارێکی زانکۆی ئەمریکیشدا جەخت لەوە کرایەوە کە هەزاران دەستنووسی هەورامی لەسەر کاخەز هەن، بەڵام بەهۆی بەدیجیتاڵنەکردنیانەوە، مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە. لە یەکێک لە چایخانەکانی بازاڕی سلێمانی، زۆرینەی ئەوانەی رووی تێدەکەن هەورامین و بە شێوەزاری رەسەنی خۆیان گفتوگۆ دەکەن. ئەوەی ئێستا زۆرترین نیگەرانی لای ئەو هاووڵاتییانە دروستکردووە، پشتگوێخستنی شێوەزارەکەیانە و دەڵێن، کەسێک نییە کارێک بکات هەورامی لەنێو ژیریی دەستکرددا جێگەی ببێتەوە و بە جیهان بناسێندرێت. نەجم عەبدولرەحمان، خانەنشینێکی هەورامییە و دەڵێت: «هەورامی زمانێکی رەسەنە و پشتی نییە». هاوکات فازڵ یوسف، کە ئەویش خانەنشینە، گلەیی دەکات و دەڵێت: «نازانین دەستێک هەیە یان چییە کە وادەکات هەورامی پێشنەکەوێت». لەلایەکی دیکەوە غەنی مەحموود داواکارە ئەو کەسانەی خەریکی ئەو کارەن، هەوڵ بۆ پێشخستنی زمانەکەیان بدەن. لەلایەکی دیکەوە، لە دیداری کوردناسی لە زانکۆی ئەمریکی، پەرەپێدانی زمانی کوردی و ناساندنی بە جیهان تەوەری سەرەکی بوو. لەنێو میوانەکانیدا نووسەر و شارەزایانی هەورامی ئامادە بوون و رایانگەیاند؛ دەق، نووسین و پەرتووکی زۆریان بە هەورامی هەیە، بەڵام بۆ گەیشتن بە پلاتفۆرمەکانی ژیریی دەستکرد، پێویستیان بە بڵاوکردنەوەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا، کە تاوەکو ئێستا بۆشاییەکی گەورە لەو بوارەدا هەیە. ئەیوب رۆستەم، نووسەری هەورامی ئاشکرای دەکات: «من زیاتر لە 40 هەزار دەستنووس و وشەی هەورامیم هەیە، کەس نەهاتووە لێم وەربگرێت تاوەکو بە دیجیتاڵی بکات و بخرێتە نێو ژیریی دەستکردەوە». هەروەها کورش ئەمینی، پسپۆڕی زمان، جەخت لەوە دەکاتەوە: «کێشەکەمان ئەوەیە هەرچی بە هەورامی نووسراوە لەسەر کاخەزە و کەمی دیجیتاڵییە؛ دەبێت کار بکەین لە سۆشیاڵ میدیا و کەناڵەکانەوە ئەو نووسینانە بکەین بە دیجیتاڵی». ترسی هەورامییەکان تەنیا لەوە نییە کە شێوەزارەکەیان لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکاندا سەرچاوەی کەمە و دەبێتە هۆکارێک بۆ لەناوچوونی، بەڵکو لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان و لە هەورامانی سەخت و تەخت، هەورامی تەنیا بۆ گفتوگۆکردن بەکاردێت. تاوەکو ئێستا بۆ مانەوەی ئەم شێوەزارە رەسەنە، نەتوانراوە نووسین و خوێندن لە قوتابخانەکان و دامودەزگا حکومییەکانیشدا بکرێت بە هەورامی.