رووداو دیجیتاڵ
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند تەنیا لە رۆژی یەکەمی لافاوەکەدا بەپێی خەمڵاندنی سەرەتایی، زیانە مادییەکان لە 10 ملیار دینار زیاتر بووە و پێشبینی دەکەن ژمارەی ماڵ و ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان لە هەزار تێپەڕێت.
پارێزگاری هەولێر بە تووندی رەخنە لە حکومەتی بەغدا دەگرێت لەسەر بێبەشکردنی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فریاگوزاری و دووپاتیدەکاتەوە ئەم بودجەیە مافی یاسایی خەڵکی کوردستانە و خێر نییە پێیان بکرێت. سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی لافاوەکە لە هەندێک ناوچە و گرتنی رێڕەوە سرووشتییەکان لەلایەن پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و وەبەرهێنەرانەوە، ئومێد خۆشناو جەخت دەکاتەوە لێکۆڵینەوەی ورد بەردەوامە و هەر کەسێک خەتابار بێت، لە هاووڵاتییەکی سادەوە تاوەکو گەورەترین دەستڕۆیشتووی وڵات، رێکاری یاسایی تووندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و ئەنجامەکەش بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێت.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: کاک ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەخێربێن
ئومێد خۆشناو: زۆر سوپاس، بەخێربێن
رووداو: زۆر سوپاس دەکەم. تاوەکو ئێستا چیتان دەستکەوتووە؟ گەیشتوون بە ئەنجامی کۆتایی و ئامارێک، داتایەک هەبێت بزانن زیانەکانی لافاوەکە چی بوون؟
ئومێد خۆشناو: بابەتی لافاو سێ قۆناخە، یەکێکیان ئامادەکارییەکانی پێشوەختە و پێشبینیکراوە، ئێمە لەوەدا هەموو ئامادەکارییەکمان کردبوو، پێشبینییەکانیش هەبوو، بڕی بارانبارینەکەش باری، ئەوەی چاوەڕوان دەکرا و پێشبینی دەکرا. رووداوەکە روودەدات، پلانی دووەم دەستپێدەکات؛ بەهاناوەچوون و دەربازکردنی خەڵک، راستە ئێمە لەو کارەساتەدا، لەو لافاوەدا دوو کەسمان گیانیان لەدەستدا، کە بەڕاستی تراژیدییە. بەتایبەتی یەکێکیان منداڵێکی پێنج ساڵان، لەناو ئۆتۆمبێلدا بوو لەگەڵ باوکی؛ دووەمیشیان یەکێک لە هێماکانی جوانیی گەنجی ئەو نیشتمانەی پێشاندا، گەنجێکی هەژار بوو، ئەو کاتە ئەو کارە دەبینێت، دەچێت خەڵک دەرباز دەکات و دواتر خۆی گیان لەدەستدەدات.
دوو کەسمان گیانیان لەدەستدا، بەڵام مەبەستم لە پڵانی دووەمدا، لەوێشدا سەرکەوتنێک هەبوو، سەتان کەسی دیکە دەربازکران، من مەیدانی لەگەڵ هەموو رووداوەکەدا بووم، واتە بە دەوی شۆفڵ لە سەربانەکان خەڵک دەرباز دەکرا، ئەوەش کەم نەبوو، تەنیا لە تیمی 122دا 208 کەس تۆمار کراون، چەندین کەس گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە، واتە ئەوانەی پێویستی دەکرد کران، لە ئەنجامدا زیاتر لە 400 کەس دەربازکراون.
پلانی سێیەم دەستپێدەکات، رووداوەکە بوو، کارەساتەکە بوو؛ پاککردنەوەی شوێنەکان، گەڕاندنەوەی دۆخی ئاسایی، کردنەوەی شەقامەکان، شووشتن و خاوێنکردنەوەکان، ئەوەش لە هەڵمەتێکدا زۆر بە گرنگی کرا پێشمەرگە تێیدا بەشداربوو، زێرەڤانی، پاسەوانی سنوور...
رووداو: چەند تیم بوون لە هەر سێ قۆناخەکەدا؟
ئومێد خۆشناو: تیمەکان جیاوازن، لەوەی کۆمەڵێک خەڵکی خۆبەخشیش هات، رێکخراوەکان هاتن، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەتایبەتی پێشەنگایەتی کرد، بۆ رێکخراوەکانی دیکە و خەڵکی دیکەش، خەڵکی ئەو وڵات و نیشتمانە، من ناوی کەس ناهێنم، بەڵام دەیان کەس لەناو رووداوەکەدا بە ئامێر و ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان هاتنە لای من. ئەو گەنجانە بەڕاستی نموونەی جوانیی ئەو نیشتمانە بوون، دەبوونە بەشێک لە فریاگوزاری و دەربازکردنی خەڵک.
دێمەوە سەر پرسیارەکەت؛ ئێستا ئێمە لە قۆناخی سێیەمدایین، دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە، خاوێنکردنەوەکان کراوە، لە قۆناخی خەمڵاندن و دەستنیشانکردنی زیانەکانین، ئەوەش نزیکەی 90%ـی تەواو بووە، تەنانەت بۆ ئەوەی خەڵکێک لەبیر نەکرێت، ماوەی چەند رۆژێکە دوو هێڵی گەرممان راگەیاندووە و هەر کەسێك کە ئەگەر تیمەکان نەچووبنە سنوورەکانی ئەوان و گەڕەک و ماڵەکانی ئەوان، پەیوەندی بکەن تا تیمەکان بچن. لە ماوەی یەک دوو رۆژدا، بە ویستی خودا هەمووی کۆتایی پێدێت، ئەو کاتە بۆ رای گشتی رادەگەیێنین زیانەکان چەند بووە، رووداوەکە بە چ شێوەیەک بووە، چەندمان پێویستە کە بتوانین هاوکاریی ئەو خەڵکە بین.
وەک چۆن جەنابی سەرۆکوەزیران هات لە پارێزگا لەگەڵ لایەنەکان کۆبووەوە، سەرۆکوەزیران لە بەغدا داوای کردووە لە بودجەی فریاگوزاری؛ ئومێد دەکەین لە بودجەی فریاگوزاری کە شایستەی خۆمانە، بەشێک بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ هەولێر دیاری بکرێت، ئەو کاتە ئەوی دیکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دڵنیاییەوە بودجەی دیکە تەرخان دەکات بۆ ئەوەی هاوکاریی ئەو خەڵکە بکەین کە بەڕاستی زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و خەڵکی هەژارنشینن.
رووداو: باشە، نازانن تاوەکو ئێستا زیانەکان چین؟ چەند خانوو، چەند دووکان؟
ئومێد خۆشناو: دەزانم، بەڵام لەوەی دەزانم ئێستا چەندە، ئێستا هەر ژمارەیەک بڵێم، لەگەڵ دووسبەی یان سێسبەی کە ئەو کاتە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دا لە راگەیێندراوێکدا رایدەگەیێنین، ژمارەکان وەک یەک نابن، بۆیە نامەوێت؛ ئێستا لەناو پڕۆسەکەداین.
رووداو: تێگەیشتم، زیاتر دەبێت؟
ئومێد خۆشناو: بەڵێ، لەناو پڕۆسەکەداین.
رووداو: واتە زیاتر دەبێت لە هەزار؟
ئومێد خۆشناو: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە
رووداو: هەزار خانوو؟
ئومێد خۆشناو: بەڵێ، بە دڵنیاییەوە
رووداو: هەزار ئۆتۆمبێلیش؟
ئومێد خۆشناو: خانوو لە تەواوبووندایە، بەڵام ئێستا ئۆتۆمبێلمان ماوە، ئێمە یەکەم شت ئەو تیمانەی ئەو کارە دەکەن، تیمی راهێنراون و ئەزموونیان هەیە لە ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگان، بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی چەندین راهێنانیان بۆ کراوە. فۆرمێک هەیە پێوەرێکی جیهانییە، لەسەر بنەمای ئەو فۆرمە دەیکەن. بەڵام بابەتی پشکنین بۆ ئۆتۆمبێل، بەڕاستی ئەوەیان تۆزێک ئاڵۆزە و دواتر خەڵکێکی دیکەشمان هەیە بەڕاستی دۆخەکە دەقۆزێتەوە دەکات، واتە دەیان بارودۆخمان هەیە رۆژانە خەڵکێک پێیوایە لە لافاوەکەدا زیانمەند بووە، کەچی هیچ پەیوەندی بە لافاوەکەوە نییە. واتە ئەوانەش ئاسان نییە، تاوەکو پوختی دەکەیت و ساخی دەکەیتەوە کێ شایستەیە و کێ ناشایستەیە.
رووداو: ئەو لیژنەیە سەر سەر بە پارێزگای هەولێرە راستەوخۆ؟
ئومێد خۆشناو: بەڵێ، ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگایە و بەشێکە لە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر کە رێکخەری کارەکانە.
رووداو: واتە خەمڵاندن یان زانینی زانیارییەکان لەسەر خانووەکان زۆر ئاسانترە وەکو لە ئۆتۆمبێلەکان؟
ئومێد خۆشناو: ئاسانترە، چونکە لەبەرچاو روونترە، هەرچەندە ئەو تیمە، وەکو باسم کرد کە کەسانێکی راهێنراون، کۆمەڵێک ئەندازیاری جۆراوجۆریشی لەگەڵدایە بۆ پشکنینی ئەو بابەتانە، بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی ئێمە هەر زیانێک کە دیاریی دەکەین، ئامانج ئەوەیە یەکەم زیانەکە دیار بێت، دووەمیش ئەو خەڵکانەی بە چ شێوەیەک زیانمەند بوونە.
لە رابردووشدا، ساڵی 2021 کە هاوکاری ئەو خەڵکانەمان کرد، کۆمەڵێک پێوەر هەبوو. هەبوو هاووڵاتی تەنیا ئاو چووبووە ماڵەکەی، هەندێک لە مافوورەکانی پیس ببوون، خانووەکەی بۆ خاوێنکرایەوە، هەبوو زۆر لە پێداویستییەکانی نێوماڵەکەی لەدەستدابوو، هەبوو پەرژین و دیوارەکانی درزیان بردبوو، شکابوون و پەنجەرەکانی شکابوون. هەبوو ئۆتۆمبێلەکەی ئاو بردبووی، واتە ئەوانە جیاوازن و وەکو یەک نابن، بۆیە ئەو پشکنینە دەکرێت ئەگەر توانیمان قەرەبوویان بکەینەوە یان هاوکارییان بکەین، بە شێوەیەک بێت دادپەروەریی تێدا بێت.
رووداو: قەرەبوویان دەکەنەوە؟
ئومێد خۆشناو: هەموو هەوڵێک بۆ ئەوەیە، بەڵێ
رووداو: پێویستتان بە چەند پارەیە، داوای چەند پارە دەکەن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خەڵکە؟
ئومێد خۆشناو: دەگەڕێمەوە سەر ئەوەی دیسان لەناو پڕۆسەکەداین. چەند زیانمەند بین، ئەوەندە داوا دەکەین، بەڵام تەنیا لە رۆژی یەکەم کە ئەو پشکنینە سەرەتاییانە کرا، زیاتر لە 10 ملیار زیانمان هەبوو، ئینجا ئەو رۆژانەی دیکەش نازانم، تاوەکو ئێستا وەک باسم کرد لەناو پڕۆسەکەداین؛ شوێنی بازرگانی زیانمەند بووە، هاووڵاتیی سڤیل و خانووەکان زیانمەند بوون، واتە زیانەکان زۆرن لە رووی مادییەوە.
رووداو: 10 ملیار دینار؟
ئومێد خۆشناو: تەنیا لە رۆژی یەکەم، ئەو رۆژەی تیمەکان کاریان کرد، راپۆرتی یەکەمیان ئەوەندە بوو، بەڵام دوای ئەوە بە دڵنیاییەوە زۆر زۆر زیاترە.
رووداو: بۆ بودجەی فریاگوزاری داوای چەندتان کردووە وەکو هەرێمی کوردستان؟
ئومێد خۆشناو: بودجەی فریاگوزاری ئێمە ئەو داوایەمان کردووە با بێن، لیژنەیەک لە بەغداوە بێت، با بێت پشکنینێک بکات، هەر کاتێک خەمڵاندنی ئێمە تەواو بوو، ئێمە پێیان دەدەین ئەوەندە زیانمەندین، بودجەی فریاگوزاری خێر نییە پێمان دەکرێت، مافی ئێمەیە، لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە، لە ساڵی 2004ـەوە کە بودجەی عێراق دادەنرێت، بابەتێک هەیە بۆ بودجەی فریاگوزاری کە بەشی هەرێمی کوردستانیش دەگەڕێتەوە ئەو سندووقە یان ئەو خەزێنەیە، ئێمە ئەو بودجەی فریاگوزارییە یەکێکە لە بابەتەکانی لافاوە.
رووداو: قەت وەرتان گرتووە؟
ئومێد خۆشناو: تەنیا لە ساڵی 2021 بوو 2 ملیار سەرۆکوەزیران رەزامەندیی لەسەر دا، ئێمە ئەو کاتە بە شانازییەوە رەتمان کردەوە، گونجاو نەبوو لە نزیکەی 40 ملیار دینار، 2 ملیار دینار وەکو هاوکاریت پێبدات، ئەوە چ بودجەیەکە؟ مافی منە پێمان دەدەی؟ لە هەولێر ئەو کارەساتە بوو، مافی هەموو بودجەی عێراقە پشتیوانی لە هەولێر بکرێت. لە شارێکی دیکە نەبووە و بە ویستی خودا نابێت، چ پێویست دەکات ئەو بودجەیە بۆ ئەو بابەتانە دابنرێت، بەڵام بەداخەوە بە هیچ شێوەیەک ئەو کارە نەبووە. تەنیا پێموایە لە ساڵی 2008 یان 2009ـیە کە ئەو کاتەش هەندێک لافاو لە کوردستان بووە، ئەو کاتە نزیکەی 40 ملیارێک هاوکاریی هەرێمی کوردستان کرا، بەڵام ئێستا نەکراوە.
رووداو: با لەسەر بارانی داهاتوو قسە بکەین، چونکە دەڵێن تاوەکو 20ـی مانگ، 17 تاوەکو 20ـی مانگ بارانێکی دیکەی بەلێزمە دێت، واتە جارێکی دیکە خەڵک چی بکەن بۆ خۆپاراستن؟ دووبارە دەبێتەوە؟
ئومێد خۆشناو: لەو بابەتەدا دوێنێ کۆبوونەوەیەکمان لە دیوانی پارێزگا هەبوو، هەموو ئەو لایەنانەی ئەرکیان بەسەردا دابەشکراوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان؛ کردنەوەی رێڕەوە سرووشتییەکان و کەند و ئاوەڕۆکان لە ماوەی ئەو چەند رۆژەدا، چونکە لافاوەکە وێرانی کردبوو، زۆر بە چڕی کاری لەسەر کراوە و تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە. پێشبینییەکانی کەشناسی بنەمای سەرەکیی ئێمەن، بەڕاستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی ئێمە زۆر وردن، زۆر دروستن، هەمیشە پێشبینییەکانیان نزیک دەبێتەوە لە ٪100، تەنانەت ئەو بەرچاوڕوونییانەی پێمان دەدرێت لەو کاژێرەدا مەترسییەکان لەو شوێنەدایە؛ بەڵام دیسان دەڵێمەوە لێکەوتە نەخوازراوەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا لە سەرووی چاوەڕوانییەکانە، دوێنێ ئەو بەرچاوڕوونییە بە هەموو لایەک دراوە، هەموو ئامادەکارییەک کراوە.
رووداو: واتە هۆشداریتان داوە؟
ئومێد خۆشناو: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، تەنیا دەمێنێتەوە هاووڵاتییانیش بەڕاستی پێویستە هاوکارمان بن، بە ویستی خودا خوای گەورە هەموو لایەک پارێزراو دەکات.
رووداو: دەزانم ئێمە زۆر کاتمان نییە، بەڵام دەمەوێت لەسەر لێکۆڵینەوەکان قسە بکەم. دەزانم لافاوەکە سرووشتییە، بارانێکی زۆر باریوە، لە کوێی دنیا بێت، لە لەندەنیش بێت رەنگە خراپتر بێت، بەڵام ئێمە دەتوانین زیانەکان کەم بکەینەوە، دەمەوێت بزانم لەسەر لێکۆڵینەوەکان، لایەنێکی کەمتەرخەم، پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون، وەبەرهێنەرێک، خەڵکی ئاسایی هاتوون رێڕەوی ئاویان داخستبێت، تاوەکو ئێستا چی کراوە؟
ئومێد خۆشناو: یەکەم هۆکار، بارانێکی زۆر لە ماوەیەکی کورت، ئەوە وەکو جەنابت باسی کرد لە هەر وڵاتێک دەبێت. چەند رۆژ پێش ئێستا لە فەرەنسا بووە، لە سعودیە بووە، لە ئیستەنبووڵ بووە، ژێرخانی ئەو وڵاتانە بە دڵنیاییەوە لە ئێمە بەهێزترن، تیمی رووبەڕووبوونەوەیان لە ئێمە بەهێزترن، ئامێر و کەلوپەلەکانیان لە ئێمە بەهێزترن. بەڵام ئێمە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەو پڕۆژانەی حکومەت کردوونی، ئەوەتا ئەمڕۆ کۆنفرانس هەیە و لە رابردوودا ساڵی 2021 زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کۆنفرانسێکی کرد، بووە بنەمایەک بۆ داڕشتنی ئەو ستراتیجەی مەترسییەکانی لافاو کەم بکەینەوە، 30%مان لەو پلانانە جێبەجێ کردووە؛ بۆچی 70%ـەکەی دیکەمان جێبەجێ نەکردووە؟ لەبەر ئەوەی توانای دارایی نەبووە.
دروستکردنی ئەو بەنداو و پۆندانە بەشێکە لەو پلانە، کردنەوەی رێڕەوە سرووشتییەکان، سەتان کیلۆمەتر رێڕەوی سرووشتی دروستکرایەوە، فراوانکردنی کۆڕنیش، دەیان پڕۆژەی ئاوەڕۆی سندووقی، لوولەیی، هەموو ئەوانە، ئەگەر ئەوانە نەبووایە، کارەساتەکە زۆر گەورەتر دەبوو، پێشتر توانای شاری هەولێر لە سەرووی 10 ملم لافاو دروست دەبوو لەناو سەنتەر، پار گەیشتە 30 ملم و لافاو نەبوو.
رووداو: ئێستا 20ـە ؟
ئومێد خۆشناو: نا، ئێستا لە 20ـەوە مەترسییەکان دەستپێدەکات، بەڵام لەو شوێنانە، لەو شوێنانەی لە یەک ناوچە کارەساتەکە بوو ئەمجارە، پێشتر خاڵی لاوازمان لە سێبەردان هەبوو، ئاوەڕۆیەکی تەواونەکراومان هەبوو، خاڵی لاوازمان لە هەولێری نوێ هەبوو، بەڵام لە گەڕەکەکانی دیکە بەو جۆرە نەبووە. بۆ نموونە، ژێرپردی رزگاری، بووە دیمەنێک و میدیا زۆر بڵاوی کردەوە؛ راستە زیان بوو، رێگاکە گیرا، دوو رۆژان رێگاکە نەبوو، بەڵام لە ئەنجامدا وەک بەنداوێکی لێهات و گەڕەکی سێتاقانیشی پاراست، ئەگەرنا لەوێش خاڵی لاوازمان هەبوو لە جادەی سەیداوە، ئەو ئاوە لەوێی بدایە لەوێش کارەساتی گەورە رووی دەدا.
زۆرجار نموونەیەک دێنمەوە بە پۆندی کەسنەزان؛ پار لە ماوەی دوو مەودادا لە وەرزی بارانباریندا تا ئێوارەی نەورۆز سەرڕێژی کرد، بەڵام لەگەڵ ئەو بارانبارینە، ئەو بەنداوە، نە ئاوەڕۆیە، نە پڕۆژەی نیشتەجێبوونە، نە گەڕەکە، نە هاووڵاتییە و نە ئۆتۆمبێلە؛ بەنداوە و ئامادەکراوە بۆ وەرگرتنی بەخششی خودای گەورە، باران. لە ماوەی کاژێر و نیوێکدا سەرڕێژی کرد، بە مەترێک زیاتریش، باشە ئەگەر ئەو بەنداوە نەبووایە، ئەو هەموو ئاوە جارێکی دیکە بە ئاراستەی رێگەی کەسنەزان لە گەڕەکەکانی دەدا. لەبارەی کەمتەرخەمی، بێمە سەر پرسیارەکەت؛ ئێمە پلانمان هەبووە، لە ژووری ئۆپەراسیۆن بەرنامەکان دانراوە، بەشێک لە کەمتەرخەمییەکان هۆکاری هەن بودجە نەبووە، بە توانای فەرمانگەکان کراوە، ئاودێری کردوویەتی، ئەوەی پاراستنی رێگەوبان کردوویەتی، بەڵێ ئەوەی شارەوانی کردوویەتی، بەڵێ ئەوەی ئاوەڕۆ کردوویەتی، بە توانایەکی دیاریکراو بووە، هیچ بودجەیەکمان نەبووە.
ئەوی دیکە، لێکۆڵینەوەکان، خەڵک هۆکار بێت، ئەو شارە، ئەو پڕۆژەیە، ئەو شەقامە، کەس لێی دەرباز نابێت، ئەگەر سەلمێنرا وەک باسم کرد ئێستا ئەو لیژنەیە بەدواداچوون دەکات، ئەو پڕۆژانەی رەزامەندیی بۆ دراوە، فراوانبوونی هەولێر، پڕکردنەوەی کەندە سرووشتییەکان؛ کێ خەتابار بێت، لە هاووڵاتییەکی سادە تا گەورە کاربەدەستێکی ئەو وڵاتە، کێ خەتابار بێت.، رێکاری بەرامبەر دەگیرێتە بەر
رووداو: ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتی رادەگەیێنن؟
ئومێد خۆشناو: بۆ رای گشتی رادەگەیێنین و رێکاری یاساییش لەگەڵ لایەنی خەتابار دەگرینەبەر.
رووداو: واتە تێکدانی ئەو سەرپێچییانە، پڕۆژەی نیشتەجێبوون بێت؟
ئومێد خۆشناو: بە دڵنیاییەوە. پێشتریش هەمانبووە؛ لەوەی 2021 زۆر لە بابەتی زیادەڕۆییەکانمان تێکدا و رێکاری یاساییش لەگەڵ خەڵک کرا، ئێستاش دەکرێت، هاووڵاتی و شارەکە لە سەرووی هەموومانەوەیە. کێ لەو شارە سوودمەند دەبێت بە پڕۆژەیەک، ئەگەر ببێتە زیانمەندبوونی ئەو شارە، بە دڵنیاییەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر دەکرێت.
رووداو: خەڵکی سێبەردان دەڵێن ئەوانە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونە رێڕەوی ئاوی تەسک کردووە و دایخستووە و دیواریشی تێدا دروستکراوە؟
ئومێد خۆشناو: لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە دەکرێت و بەردەوامە، هۆکارەکان دیار دەبن، چی پێویست بکات رێکاری یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.
رووداو: زۆر سوپاست دەکەم کاک ئومێد، دەستت خۆش بێت.
ئومێد خۆشناو: زۆر سوپاس، دەستتان خۆش بێت

