رووداو دیجیتاڵ
منداڵێکی کوردی تەمەن 5 ساڵان بە توانا ناوازەکانی، ئەکادیمیای یەکێک لە گەورەترین یانەکانی جیهان، لیڤەرپوولی ئینگلیزی سەرسام کردووە. زنار ئاگری سەرەڕای بچووکیی تەمەنی، نەک هەر بە لێدانە بەهێزەکانی و خۆشەویستییەکەی بۆ مێسی سەرنج رادەکێشێت، بەڵکو دڵیشی بە خۆشەویستیی کوردستان، ئامەدسپۆر و یانەی زاخۆ لێدەدات.
زنار ئاگری لە بەریتانیا دەژی لەم دواییانەدا بووەتە رۆژەڤی چاودێران و راهێنەرانی تۆپی پێ لە بەریتانیا. لێدانە بەهێزەکانی، کۆنترۆڵە سەرنجڕاکێشەکەی بەسەر تۆپدا و متمانەبەخۆبوونە بەرزەکەی لەنێو یاریگەدا، دەرگای ئەکادیمیای یانەیەکی گەورەی وەک لیڤەرپووڵیان بەروودا کردەوە.
زنار ئاگری و موسا ئاگریی باوکی، میوانی بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوون کە لەلایەن نالین حەسەنەوە پێشکێش دەکرێت و تێیدا وردەکاریی ژیان و بەهرەی ئەم ئەستێرە بچووکەیان ئاشکرا کرد.
موسا ئاگری، باوکی زنار دەڵێت، گەیشتنی زنار بە ئەکادیمیای لیڤەرپوول لە یارییەکانی کۆتایی هەفتەوە دەستیپێکرد. زنار لە ئەکادیمیایەکی نێوخۆیی یاریی دەکرد و هەموو رۆژانی شەممە یارییان هەبوو؛ لە یەکێک لەو یارییانەدا چاودێرێکی بەهرەمەندانی یانەی لیڤەرپوول چاوی بە یارییەکەی زنار دەکەوێت و دەستبەجێ سەرنجی رادەکێشێت.
بە گوتەی موسا ئاگری، پێش 4 هەفتە یانەی لیڤەرپوول بە فەرمی بانگهێشتی کردوون تاوەکو بۆ ماوەی 3 هەفتە لەسەریەک بەشداری لە راهێنانەکانی ئەکادیمیاکەدا بکات. لە کۆتایی تشرینی یەکەمی 2026ـدا، زنار ئاگری یەکەم راهێنانی خۆی لە ئەکادیمیای لیڤەرپوول کرد و ئەو رۆژە بووە جێگەی شانازییەکی گەورە بۆ خێزانەکەی.
لە کاتی راهێنانەکاندا، ئەم ئەستێرە بچووکە کوردە ئاستێکی هێندە بەرزی پێشاندا کە زۆر لە تەمەنی خۆی گەورەتر بوو. بەهۆی توانا لەڕادەبەدەرەکەیەوە، راهێنەران تێکەڵی یاریی یاریزانە لە خۆی گەورەترەکانیان کرد و زنار لە هەر کوێیەک یاریی کردبێت، سەرنجی هەموو ئامادەبووانی بۆ لای خۆی راکێشاوە.
موسا ئاگری لەم بارەیەوە دەڵێت: "هەفتەی رابردوو لیڤەرپوول پێی گوتین: 'حەز دەکەین زنار هەر لەگەڵ ئێمە بەردەوام بێت'." بەپێی ئەم بڕیارە، زنار لە ئەکادیمیای لیڤەرپوول بەردەوام دەبێت تاوەکو تەمەنی دەبێتە 9 ساڵ؛ چونکە بەپێی یاساکانی پرێمەرلیگ، یاریزانان لەو تەمەنەدا دەتوانن بە فەرمی گرێبەست واژۆ بکەن.
"لە تەمەنی یەک ساڵیدا تێگەیشتین کە بەهرەکەی ئاسایی نییە"
موسا ئاگری باسی لە سەرەتای خۆشەویستیی زنار بۆ تۆپی پێ کرد و گوتی: "کاتێک تەمەنی تەنیا ساڵێک بوو، لەگەڵ جوودیی برای حەزی دەکرد شەق لە تۆپ هەڵبدات. وردە وردە بینیمان بەهرەکەی زۆر زۆرە و ئاسایی نییە."
باوکی زنار جەخت لەوە دەکاتەوە لەپشت ئەم سەرکەوتنەوە ماندووبوون و پشتیوانییەکی گەورەی خێزانەکەی هەیە، بەتایبەتیش رۆڵی دایکی زۆر بەرچاوە. موسا ئاگری دەڵێت: "ئێمە وەک دایک و باوک بە هەموو توانامانەوە پشتی دەگرین. ئێستا دایکیان هەمیشە سەرقاڵی ئەوانە و لە هەموو راهێنانەکانیاندا وەک پشتیوانێک ئامادە دەبێت. ئەو هەمیشە لە یوتیوب سەیر دەکات و خشتەیەکی ژیانیان بۆ دادەنێت."
خۆشەویستیی کوردستان، مێسی، ئامەدسپۆر و زاخۆ
سەرەڕای ئەوەی زنار لە بەریتانیا لەدایکبووە و هێشتا تەمەنی 5 ساڵانە، هەستی نەتەوەیی و پەیوەستبوونی بە کوردستانەوە بە روونی لە قسەکانیدا رەنگدەداتەوە. زینار بە دڵخۆشییەوە بە رووداوی گوت: "من کوردستانم خۆشدەوێت."
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ژمارەی درێسەکەشی، زنار ئاشکرای دەکات سەرسامی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لیۆنێل مێسییە و دەڵێت: "من ژمارە 10ـم هەڵبژاردووە لەبەر خۆشەویستیم بۆ مێسی."
بەڵام سەرنجڕاکێشترین لایەنی ئەم ئەستێرە بچووکەی لیڤەرپوول ئەوەیە هاندەرێکی سەرسەختی تیپەکانی کوردستانە. موسا ئاگری دەڵێت، "زنار هاندەری ئامەدسپۆر و یانەی زاخۆیە؛ هەمیشە سەیری یارییەکانیان دەکات و هەواڵیان دەپرسێت. ئێستا درێسی ئامەدسپۆری لەلایە و درێسێکی یانەی زاخۆش لە رێگادایە بۆی."
گەشتێک لە رۆژئاوای کوردستانەوە بەرەو خەونە گەورەکان
زنار ئاگری لە بەریتانیا لەنێو خێزانێکی کوردی نیشتمانپەروەر لەدایکبووە کە بە رەچەڵەک خەڵکی شاری عاموودێی رۆژئاوای کوردستانن. باوکی زیاتر لە 16 ساڵ لەمەوبەر بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی باشتر کۆچی کردووە بۆ بەریتانیا.
زنار وەک بچووکترین ئەندامی خێزانەکە، لەنێو کەشوهەوایەکی گەرم و پڕ لە خۆشەویستی و پشتیوانیدا گەورە بووە. ئەم ژینگە تەندروستە و هەوڵە بێوچانەکانی دایک و باوکی بوونەتە هاوکار تاوەکو لێهاتووییە سرووشتییەکەی لەم تەمەنە بچووکەدا دەربکەوێت و ئەمڕۆ ناوی منداڵێکی کوردی خەڵکی عاموودێ لەنێو راڕەوەکانی ئەکادیمیای یەکێک لە گەورەترین یانەکانی جیهاندا ببیسترێت.
ئێستا چاوی هاندەرانی تۆپی پێی کورد لەسەر داهاتووی گەشی ئەم منداڵە 5 ساڵانەیە کە بە هەنگاوی بەهێز بەرەو ئەستێرەبوون دەڕوات.


