رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران و وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە، پارێزگاری ئیلامیان راسپارد لێکۆڵینەوە لە هۆکاری وەرگەڕانی پاسەکەی کرێکاران لە پارێزگاکەدا بکرێ. بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و دۆخی تەندروستیی ژمارەیەک لە بریندارانیش ناجێگرە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 15-11-2026، میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار و ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی وڵاتەکە، ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیان راسپاردووە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری وەرگەڕانی پاسەکەی کرێکاران بکات کە لە رێگەی نێوان مورموری و ئاودانان روویدا.
بەهزاد نوور محەممەدی، قایمقامی ئاودانان رایگەیاند، پاسەکە تایبەت بووە بە کۆمپانیای پترۆکیمیای دێلوران کە 28 کرێکاری تێدا بووە و ''لە ئەنجامی رووداوەکەدا 12ـیان گیانیان لەدەستداوە''.
بەگوتەی بەهزاد نوور محەممەدی، 16 کەسی دیکە بریندارن کە دۆخی تەندروستیی ژمارەیەکیان ناجێگیرە.
قایمقامی ئاودانان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی مردووان هەیە و گوتی: ''یەکێک لە برینداران کە دۆخی تەندروستی ناجێگیر بوو، گەیێندرایە نەخۆشخانەیەکی ناوەندی ئیلام، بەڵام بەداخەوە ئەویش گیانی لەدەستدا''.
بەپێی دوایین زانیارییەکانی فریاکەوتنی خێرای ئیلام، ئەو 12 کەسەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە بریتین لە ئەمین محەممەد وەلی، محەممەدڕەزا محەممەدی، سەعید غوڵامی، لوتفوڵڵا مورادی، روحوڵڵا عەلیجانی، فەریبورز هادیزادە، سەجاد نەسروڵڵاهی، بەهرام تەهماسبی، محەممەد رەحیمی، موسا رەحیمی، ئەحمەد تەقیزادە و ئەیوب حەسەنوەند.
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری رووداوەکە بڵاونەکراوەتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.
ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلام رۆژێک ماتەمینی سەرانسەری لە پارێزگاکە راگەیاندووە و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە، رێکاری پێویست بۆ چارەسەری برینداران بگیرێتەبەر.
رووداوەکە کاژێر 07:00ـی ئێوارەی دوێنێ شەممە لەسەر رێگەی نێوان مورموری و ئاودانانی سەر بە ئیلام روویدا.

.jpeg&w=3840&q=75)

