رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکاندا لە پارێزگای قەرسی باکووری کوردستان، 54 کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکران کە خۆیان لە قەڵای مێژوویی قەرەداخ شاردبووەوە.
رۆژی شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، تیمەکانی بەشی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی کۆچبەران و دەروازە سنوورییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی قەرس رایگەیاند، بۆ دەستنیشانکردن و گرتنی کۆچبەرە نایاساییەکان دەستیان بە کارێکی مەیدانی کرد.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی قەرس دەڵێت، دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەوەی گرووپێک کۆچبەر گواستراونەتە قەڵاکەی گوندی قەرەداخ، هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا وۆلیس هەڵیکوتایە سەر قەڵاکە و 54 کۆچبەری نایاساییان لەوێ دەستگیرکرد.
کۆچبەرەکان بۆ ناوەندی بەشی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی کۆچبەران گواستراونەتەوە و رێکارە فەرمییەکانیان بۆ دیپۆرتکردنەوە بەردەوامە.
هەر بەپێی زانیارییەکانی ئاسایشی قەرس، 43 کۆچبەریان ئەفغانی و 11 کۆچبەریش پاکستانی بوون. بە قاچاخ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوونەتە باکووری کوردستان.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە حەوت مانگدا شەش هەزار و 19 کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوونی سنوورەکان دەستگیرکراون. ژمارەی ئەو کەسانەی پێش بهزاندنی سنوور رێگرییان لێکراوە گەیشتووەتە 41 هەزار و 830 کەس. هەروەها 943 کۆچبەر دوای بەزاندنی سنوورەکان، دەستگیرکراون.



