رووداو دیجیتاڵ
دوای دروستبوونی گرژی لەنێوان شۆفێرانی بارهەڵگر و هێزە ئەمنییەکان لە بازگەی دارەمان لە رێگەی هەولێر - کەرکووک، پۆلیسێک زللەی لە شۆفێرێک دا. ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "پۆلیسەکە بۆ پێنچ رۆژ لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر دەکرێ."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (14ی تشرینی دووەمی 2026)، قەرەباڵخییەکی زۆر لە بازگەی دارەمان دروستبوو و دەمەقاڵێ لەنێوان شۆفێران و هێزەکانی بازگەکەش سەریهەڵدا و کارمەندێکی هێزەکانی پۆلیس زللەیەکی لە هاووڵاتییەک دا.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "بە فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک، ئەو کارمەندەی پۆلیس بۆ پێنج رۆژ دەستبەسەر دەکرێ."
مازن غەریب گوتی: "راستەوخۆ پەیوەندییم بە بەڕێوەبەری بازگەکانی کەرکووکەوە کرد بۆ ئەوەی رێکارەکان دەستپێبکەن و پۆلیسەکەش بۆ لێپرسینەوە رەوانەی شوێنی کارەکەی خۆی کراوەتەوە".
لە چەند مانگی رابردوودا شۆفێرانی بارهەڵگر چەندین جار دەنگی نارەزایەتییان بەرزکردوەتەوە و دەڵێن، لە کاتی تێپەڕبوونیان لە بازگەی دارەمان، تووشی ئاستەنگ و رێگری دەبن و زۆرجار بۆ ماوەیەکی درێژ رادەگیرێن.



