رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی هاوبەشی مانگی سووری عێراقی، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵگەکانی خاچی سوور و مانگی سوور، ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەخوڕەی هەولێری گرتەوە، بووەهۆی دروستبوونی لافاو و لە ئەنجامدا پێنج کەسیش بێسەروشوێن بوون و زیاتر لە هەزار خێزانیش زیانیان بەرکەوت. پارێزگاری هەولێر دەڵێ، ئامارەکە ورد نییە و کەس بێسەروشوێن نەبووە.
رۆژی 7ـی تشرینی دووەم بارانێکی بەلێزمە هەولێری گرتەوە. بە گوێرەی راپۆرتەکە، لە کاتێکدا پێشبینیی کەشناسی ئەوە بوو کە زۆرترین بڕی بارانبارین بگاتە 30 ملیمەتر، بەڵام تێکڕا لە پارێزگای هەولێر 80 ملیمەتر و لە دەوروبەری شارەکەش 120 ملیمەتر باران باری.
بەگوێرەی ئاماری راپۆرتە هاوبەشەکە، لێکەوتەکانی لافاوەکە بەم شێوەیە بوون:
گیانلەدەستدان: 2 کەس (منداڵێک بەهۆی لافاوەوە خنکا و هاووڵاتییەکی خۆبەخشیش کە هاوکاریی تیمەکانی فریاگوزاریی دەکرد گیانی لەدەستدا).
بێسەروشوێن: 5 کەس بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.
بریندار: 300 کەس بریندار بوون یان پێویستیان بە فریاگوزاریی پزیشکی بووە.
خێزانە زیانلێکەوتووەکان: هەزار و 46 خێزان (کە دەکاتە شەش هەزار و 276 کەس) زیانیان بەرکەوت.
زیانی کەرتی بازرگانی و ئۆتۆمبێل: 466 دووکان و 190 ئۆتۆمبێل تووشی زیان بوون یان لافاو بردنی.
دابەشبوونی خێزانە زیانلێکەوتووەکان بەپێی گەڕەکەکان
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆربەی ئەو خێزانانەی ماڵەکانیان بەر لافاو کەوت بەمشێوەیە بەسەر گەڕەکەکاندا دابەشبوون:
لەنگە: 433 خێزان
شێخەڵڵا: 252 خێزان
شێخ ئەحمەد: 226 خێزان
برایەتی: 135 خێزان
تەیراوە: 132 خێزان
هەولێری نوێ: 89 خێزان
باجگر: 48 خێزان
عەرەب کەند: 24 خێزان
بە گوێرەی راپۆرتەکە، دوای کارەساتەکە، لێژنەیەکی هاوبەش لەنێوان ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەکان، مانگی سووری عێراقی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ سێ رۆژ هەڵسەنگاندنیان بۆ زیانەکان کرد.
تیمەکانی فریاگوزاری لە کاتی لافاوەکەدا 300 برینداریان گواستەوە و بەشدارییان لە خاوێنکردنەوەی ماڵەکان لە پاشماوەی قوڕولیتە کرد. تاوەکو ئێستاش 250 سەبەتەی خۆراک، هەزار و 500 بەتانی و کەرەستەی سەرەتایی بۆ 250 خێزان دابینکراوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی راگەیاند، ئەو ئامارانەی لە راپۆرتەکەدا بڵاوکراونەتەوە ورد نین و هیچ کەسێک بەهۆی لافاوەکەوە بێسەروشوێن نەبووە.
بە گوتەی ئومێد خۆشناو، پڕۆسەی لێکۆڵینەوە و وردبینییەکان لە زیانەکانی لافاوەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە و بەم زووانە ئاماری کۆتایی و فەرمی بڵاودەکرێتەوە.
.jpeg&w=3840&q=75)

.jpeg&w=3840&q=75)
