رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پانێڵێکی (دیداری ستراتیژیی سلێمانی)دا رایگەیاند، ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی دامەزراوەیی چارەسەر نەکراون و پێویستیان بە مۆدێلێکی نوێی کارگێڕی و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکانە.
قوباد تاڵەبانی لە پانێڵەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، شەرمەزارییە دوای 30 ساڵ لە رێککەوتننامەی ئاشتیی واشنتن، هێشتا کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بە شێوەیەک چارەسەر نەکراون کە گەشەپێدانێکی بەردەوام دروست بکەن.
قوباد تاڵەبانی پشتیوانیی خۆی بۆ پەیامەکەی تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا دەربڕی کە داوای کردبوو کورد قەیرانەکە تێپەڕێنن، بەڵام گوتیشی: "شێوازی تێپەڕاندنەکەی تەنیا بە زەردەخەنەیەکی ساختە و تەوقەکردنی من لەگەڵ هاوتاکانم نابێت، بەڵکو پێویستمان بە مۆدێلێکی کارگێڕییە بۆ شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکان."
بەغدا پێش نۆرەی ستراتیژیی یەکێتییە
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سەردان و کۆبوونەوەکانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە بەغدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، سەرۆکی یەکێتی کاتێکی زیاتر لە بەغدا بەسەردەبات وەک لە سلێمانی، چونکە یەکێتی بڕیاری داوە کە "بەغدا و عێراق پێش نۆرەی ستراتیژیمانن."
جێگری سەرۆکوەزیران گوتی: "باوەڕی ئێمە ئەوەیە کە کوردستان تەنیا کاتێک بەهێز دەبێت کە عێراق بەهێز بێت و پێمانوایە نابێت خۆشگوزەرانیی کوردستان لەسەر حیسابی عێراقێکی لاواز بێت؛ هەر بۆیە بەردەوام تێدەکۆشین بۆ ئەوەی سەرۆککۆماری عێراق لە حیزبەکەی ئێمە بێت."
جەنگی ئەمریکا و ئێران؛ پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل
لە تەوەرێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا، قوباد تاڵەبانی باسی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانی کرد و رایگەیاند، هەریەکە لە ئەمریکا، ئێران و عێراق ئاشتییان دەوێت. بەڵام گوتی: "تەنیا یەک ئەکتەر لە هاوکێشەکەدا هەیە کە نایەوێت ئاشتی هەبێت و هەژموونی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ناچارکردنی ئەمریکا بچێتە ناو جەنگێکی نەبڕاوە، ئەویش وڵاتێکە کە بە پیتی I دەستپێدەکات."
تاڵەبانی گەشبینیی خۆی دەربڕی بەوەی "سەرۆک ترەمپ دەتوانێت رێککەوتن لەگەڵ تاران بکات" و پێشنیازی کرد لە بری سنووردارکردنی گفتوگۆکان لە یەک دوو خاڵدا، دۆسیەی ئابووری بکرێتە بەشێکی سەرەکی لە دانوستاندنەکاندا و گوتی: "گەورەترین زەرەرمەند لە درێژەکێشانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، عێراقە، گەورەترین سوودمەندیش لە ئاشتیی نێوانیان هەر عێراقە."
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئیسرائیل و راسپاردنی (گادی ئایزنکۆت) بۆ پێکهێنانی حکومەت، تاڵەبانی هیوای خواست حکومەتی نوێی ئیسرائیل ئاراستەکە بەرەو ئاشتی بگۆڕێت.
ئابووری، وەبەرهێنان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا
سەبارەت بە دوایین قۆناخی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا، قوباد تاڵەبانی رەتیکردەوە کە وەک "دەرکردنی ئەمریکییەکان" سەیر بکرێت و رایگەیاند: "ئەمە جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی نێوان عێراق و ئەمریکا بوو کە گەیشتە وادەی خۆی."
سەبارەت بە پەلکێشکردنی کۆمپانیا ئەمریکی و بیانییەکان، تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، سلێمانی و کوردستان ناوچەی جەنگ نین، بەڵکو سلێمانی خەریکە دەبێتە ناوەندی تەکنەلۆژیا و داهێنان لە عێراقدا. بەڵام دانی بەوەدا نا کە پێویستە رێکارە کارگێڕییەکان ئاسان بکرێن، شەفافییەت زیاد بکرێت و گەندەڵی نەهێڵرێت تاوەکو کۆمپانیا جیهانییەکان روو لە هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێگەی جیۆپۆلەتیکی کوردستان لە جیهاندا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان خاوەنی سەرنجڕاکێشترین پێگەی جوگرافییە و گوتی: "ئەگەر 10 ساڵ پێش ئێستا بتپرسیبایە، دەمگوت جوگرافیا نەفرەتی لێکردووین و خۆزگە دوورگەیەک بووینایە لە کاریبی یان دراوسێی لۆکسمبۆرگ بووینایە، بەڵام ئەمڕۆ زۆر سوپاسگوزارم کە لێرەین."
جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، لە سنوورێکەوە وڵاتێکی بەهێزی وەک تورکیا و لە سنوورێکی دیکەوە وڵاتێکی گەورەی وەک ئێرانیان هەیە کە کرانەوەی ئابوورییان تەواوی ناوچەکە دەگەشێنێتەوە؛ گوتیشی کە کورد هەزاران ساڵە لەم ناوچەیە ماوەتەوە و هەزاران ساڵی دیکەش دەمێنێتەوە و بە تەنزەوە گوتی: "هیوادارم تا ئەو کاتە پارتی و یەکێتیش کێشەکانیان چارەسەر کردبێت."
