رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی "دێ کۆن"ی مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەیان دار بڕدراونەتەوە و لە رەگەوە هەڵکێشراون. دانیشتووانی ناوچەکەش دەڵێن، مەبەست لەو کارە گۆڕینی سرووشتی ناوچەکەیە بۆ زەویی کشتوکاڵی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەمی 2026، هاونیشتمانییەکی گوندی دێ کۆنی مەریوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەند کەسێکی نەناسراو دەستیانکردووە بە بڕینەوەی دەیان دار و دەرهێنانیان لە رەگەوە لە دارستانی گوندەکەماندا، بە جۆرێک زیانێکی گەورەیان بە ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی ئەو کەسانە لە لەناوبردنی دارستانەکە، تەنیا فراوانکردنی رووبەری زەوییە بۆ مەبەستی کشتوکاڵ، "بڕین و دەرهێنانی دارەکان هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئاگرتێبەردانیان نییە، چونکە لە هەردوو حاڵەتدا بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و لەناوچوونی سرووشت تەواو دەبن."
دانیشتووانی گوندەکەش داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە ژینگەییانە دانێن و بەرپرسیاران سزا بدەن.
پارێزگای سنە، بەتایبەت دەڤەری مەریوان، خاوەنی سروشتێکی دەوڵەمەند و چڕی دارستانە. لە کۆی دوو ملیۆن و 900 هەزار هێکتار رووبەری پارێزگاکە، 340 هەزار هێکتاری بە دارستان داپۆشراوە و ملیۆنێک و 740 هەزار هێکتاریشی پووش و پاوانە.
سەرەڕای دەوڵەمەندیی سروشتیی ناوچەکە، بەڵام دارستانەکانی مەریوان ساڵانە رووبەڕووی چەندین مەترسی دەبنەوە، لەوانە ئاگرکەوتنەوەی بەمەبەست، بڕینی دارەکان بۆ دروستکردنی خەڵوز، قاچاخچییەتیی دار، وشکەساڵی، نەخۆشیی دارەکان و خۆڵبارین، کە ساڵ بە ساڵ پانتاییە سەوزەکان کەمتر دەکەنەوە.




