رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل، دادگە سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی تووندی بەسەر فەرمانبەرێکی گومرگی ناوچەی باکوور لە کەرکووکدا سەپاندووە.
رۆژی پێنجشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادگەی تاوانەکانی کەرخ (دەستەی دووەم)، بڕیاری زیندانیکردنی دوو ساڵی بۆ فەرمانبەرێکی گومرگی بازگەی (چیمەن) لە پارێزگای کەرکووک دەرکرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دەرچوونی ئەو سزایە دوای ئەوە دێت کە لەبەردەم دادگەدا سەلمێندراوە ئەو فەرمانبەرە خۆی لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی دزیوەتەوە و بڕە پارەیەکی وەک بەرتیل لە ژمارەیەک کەس وەرگرتووە لە بەرامبەر راپەڕاندنی مامەڵەکانیاندا.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارەکەی دادگە سەپاندنی پێبژاردنی داراییشی بەسەر تاوانبارەکەدا لەخۆگرتووە و لە ئەگەری نەدانی بڕە پارەکەشدا، بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە زیندانی دەکرێت.
بڕیارەکەی دادگە بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە (160ی ساڵی 1983) و بە ئاماژەدان بە ماددەی (132/3) لە یاسای سزادانی عێراقی دەرچووە، هاوکات مافی داوەتە دەستەی گشتیی گومرگەکان کە دوای پلەی کۆتایی وەرگرتنی بڕیارەکە، داوای قەرەبوو بکاتەوە.


