رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی هەنگاوەکانی حکومەتی عێراقی لەبارەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ئاشکرا کرد.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتی، "دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەستبەجێ فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پلە باڵای دەرکرد. ئەو لیژنەیە لە ئەفسەر و شارەزایانی ئەمنی پێکهاتووە و دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەم تاوانە و ئاشکراکردنی لایەنی ئەنجامدەر."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەکە لە رۆژی یەکەمەوە دەستی بە کارەکانی کردووە و بە چاودێریی راستەوخۆی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە دەکەن.
سەبارەت بە شێوازی لێکۆڵینەوەکەش، سەباح نوعمان گوتی، "تیمەکانمان سەردانی شوێنی رووداوەکەیان کردووە و شارەزایانی بواری مووشەک و درۆن، لێکۆڵینەوە لە جۆری درۆنەکان و شوێنی هەڵدانیان دەکەن. ئێمە بە وردی چاودێریی هەموو ئەو بەڵگەکانە دەکەین کە پەیوەستن بەم هێرشەوە."
سەباح نوعمان جەختی لەوە کردەوە، "حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک ئەم جۆرە دەستدرێژییانە قبووڵ ناکات و بە راستی و بە شێوەیەکی تووند مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە هێرشانە دەکات."
گوتیشی، "ئەمە کاریگەریی لەسەر یەکێتیی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبووە و ئاسایشی وڵات کەوتووەتە ژێر مەترسییەوە. دڵنیاتان دەکەمەوە کە سزای تووند چاوەڕێی هەر کەسێک دەکات کە دەستی لەم هێرشەدا هەبێت."
سەبارەت بەوەی کە ئایا هێرشەکە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتر، گوتەبێژەکەی فەرماندەی گشتی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم لێکۆڵینەوانە بە هاوئاهەنگییەکی تەواو لەگەڵ لایەنەکان بەڕێوەدەچن.
ئەو گوتیشی، "هیوادارین بە زووترین کات لایەنی بەرپرس ئاشکرا بکرێت. چیدیکە رێگە نادەین هیچ لایەنێک ئاسایشی عێراق تێک بدات و بە بڕیاری دادگە و لە چوارچێوەی یاسادا سزای هەرکەسێک دەدەین کە هەوڵی زیانگەیاندن بە سەروەریی خاک و هاووڵاتییانی عێراق بدات."
ئەم قسانەی سەباح نوعمان، لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی یەکەمی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو و لە کۆتاییدا جەختی کردەوە، "سەرۆکوەزیران خۆی بە شێوەیەکی راستەوخۆ چاودێریی رەوتی لێکۆڵینەوەکان دەکات و هیچ لایەنێکی ناوخۆیی یان دەرەکی ناتوانێت دەستوەردان لە کاری ئەم لێژنەیەدا بکات، "چونکە ئەمە بابەتێکی نیشتمانییە و پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە."


