رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای سەلاحەدین کە کوردە، لە لەلایەن دادگەی تاوانەکانی تکریتەوە سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو.
یاسین محەممەد عەلی داودی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە دادگەی تاوانەکانی تکریت، دانیشتنی دادگاییکردنی ئەمین عەزیز جەواد، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی پارێزگای سەلاحەدین بەڕێوەچوو و دادگەی سزای حەوت ساڵ زیندانی بۆ دەرکرد".
ئەمین عەزیز لە ساڵی 2024ـەوە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پۆستی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی سەلاحەدینی وەرگرت.
رۆژی 6ـی ئۆکتۆبەری 2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق دەستگیرکردنی ئەو هاونیشتمانییەی بە تۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی راگەیاند.
بەگوتەی یاسین داودی، " تۆمەتی بەهەدەردانی دارایی گشتی ئاراستەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کرابوو و ئاماژە بەوەکرابوو کە رێکاری پێویستی کارگێڕیی نەگرتووەتەبەر بۆ پێشگرتن لە بەهەدەردانی سامانەکە و وەک کەمتەرخەمی لە کارەکەیدا ئەژمار کرابوو".

