رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆری لە سنووری پارێزگای سلێمانی کرد و رایگەیاند، هێرشەکە بە ئامانجگرتنی تەواوی گەلی عێراقە؛ هاوکات پشتیوانیی واشنتنی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ دۆزینەوە و سزادانی بکەرانی هێرشەکە.
رۆژی دووشەممە 09-11-2026، تۆم باراک لە ئێکس نووسی: "ئێمە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکەین، کە هێرشێک بوو بۆ سەر گەلی عێراق. پشتیوانی لە سەرۆکوەزیران زەیدی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە دۆزینەوەی بەرپرسانی ئەم کارە و لێپێچینەوە لەگەڵیاندا."
گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق بەردەوامە و سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکان دەربهێنێت و بیخاتە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە.
ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، شەوی یەکشەممە 08-11-2026 کاژێر 11:00ـی شەو، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە شارەدێی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، کە لەلایەن کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتییەوە بەڕێوەدەبرێت.
بەپێی بەدواداچوونی سەرچاوە ئەمنییەکان، هێرشەکە لە سنووری قەزای خورماتووەوە ئاراستە کراوە و بەر ناوچەی کۆگاکان و بەشی بارکردنی بارهەڵگرەکان کەوتووە و ئاگری لێکەوتووەتەوە.
کۆمپانیای دانەگاز لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە و هیچ زیانێکی گیانی بەر کارمەندان نەکەوتووە، بەڵام بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی زیانەکان بەرهەمهێنانی گاز بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە.
هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبای هەرێمی کوردستان هێرشەکەیان بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" باسکرد و گوتیان، بەهۆی راگرتنی هەناردەی گازەوە 2,800 مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە و کاردەکەن بۆ ئەوەی لە کەمترین ماوەدا دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە لە ساڵی 2007ـەوە کارەکانی دەستپێکردووە، سەرچاوەی سەرەکی و شادەماری دابینکردنی سووتەمەنییە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان، کە زۆربەی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکەن.
دەقی تویتەکەی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا
"ئێمە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکەین، کە هێرشێک بوو بۆ سەر گەلی عێراق. پشتیوانی لە سەرۆکوەزیران زەیدی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە دۆزینەوەی بەرپرسانی ئەم کارە و لێپێچینەوە لەگەڵیاندا."


