رووداو دیجیتاڵ
دوای دوو ساڵ لە پەککەوتنی، پەرلەمانی کوردستان کاراکرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان داوا لە سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکات بە زووترین کات بەربژێرەکانیان بۆ لیژنە هەمیشەییەکان دەستنیشان بکەن، بەتایبەتی لیژنەی یاسایی کە بە "گرنگترین" لیژنە دادەنرێت بۆ تەواوکردنی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
مونا قاوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، پەرلەمان دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە و هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا لیژنە هەمیشەییەکان پێکبهێندرێن. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە بانگەوازێکی روون ئاراستەی تەواوی فراکسیۆنەکان کراوە، بەبێ جیاوازی لەنێوان ئەوانەی ئامادەی دانیشتنەکان بوون و ئەوانەی ئامادە نەبوون.
مونا قاوەچی، رایگەیاند: "داوامان لە فراکسیۆنە جیاجیاکانی پەرلەمانی کوردستان کردووە بەربژێری خۆیان دەستنیشان بکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات دانیشتنی دووەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی لیژنە هەمیشەییەکان بکرێت".
سکرتێری پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکرد کە تاوەکو ئێستا هیچ فراکسیۆنێک بە فەرمی وەڵامی نەداوەتەوە کە ئامادە نییە بەربژێرەکانی بنێرێت، بۆیە دەستەی سەرۆکایەتی چاوەڕێی وەڵامی هەموو لایەنەکان دەکات.
سەبارەت بە گرنگیی لیژنەکان، مونا قاوەچی، گوتی: "لە هەموویان گرنگتر لیژنەی یاساییە، تاوەکو تەواوکردنی پرۆسەی سیاسی، ئەویش بە دەستهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا". روونیکردەوە کە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ بەندە بە دیاریکردنی لیژنەی یاساییەوە، چونکە دوای پێکهێنانی ئەو لیژنەیە، دەرگای خۆپاڵاوتن دەکرێتەوە و سیڤییەکان ئاراستەی لیژنەی یاسایی دەکرێن بۆ لێکۆڵینەوە.
مونا قاوەچی، جەختی لە "بێلایەن"ی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردەوە و گوتی: "دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەم خولە و خولەکانی رابردووشدا هەمیشە بێلایەن بووە و بێلایەنیش دەمێنێتەوە".
سەبارەت بە ئامادەنەبوونی بەشێک لە پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکاندا، قاوەچی، هۆشداریی دا و رایگەیاند کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو پەرلەمانتارانە دەگیرێتەبەر، کە بەبێ پاساو ئامادەی دانیشتنەکان نابن.
قاوەچی گوتیشی: "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، سێ دانیشتنی یەک لەدوای یەک بەبێ هۆکار و بەبێ پاساو، مادەی پەیڕەوی لەسەر جێبەجێ دەکرێت. هیواخوازین ناگاتە ئەو ئاستە". گوتیشی کە ئامادەبوون لە دانیشتنەکاندا ئەرکی سەرشانی هەموو پەرلەمانتارێکە، چ لە دەسەڵات بێت چ لە ئۆپۆزیسیۆن، چونکە ئەوان "بەڵێنیان داوە بە دەنگدەرانی خۆیان کە کار بکەن و خزمەت بکەن".

