رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایدەگەیێنێت، پرسی کەرکووک لۆژیکی سەنگەربەندی و باڵادەستیی حیزبی هەڵناگرێت؛ هاوکات هۆشداری دەدات لە بەردەوامیی بۆشایی ئیداری لە پۆستی پارێزگاردا کە بووەتە هۆی پاشەکشەی خزمەتگوزاری و پشێوی لە ئیدارەدانی شارەکەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2026، فراکسیۆنی عەرەبی لە راگەیێندراوێکدا هەڵوێستی خۆی لەسەر دۆخی چەقبەستووی کەرکووک خستەڕوو و رایگەیاند: "لەژێر رۆشنایی ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییانەی بەهۆی دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییەکانەوە دروستبوون، خۆمان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیدا دەبینینەوە بۆ یەکلاکردنەوەی بۆشایی ئیداری کە ماوەکەی درێژەی کێشاوە و بووەتە بارگرانی بەسەر شانی هاووڵاتییانەوە."
فراکسیۆنەکە جەختی لەوە کردەوە کە شێوازی بەڕێوەبردنی کەرکووک ناکرێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی تەسک بێت: "پرسی کەرکووک قابیلی ئەوە نییە بە عەقڵیەتی بەرژەوەندیی حیزبی بەڕێوەببرێت، ناشکرێت چارەسەرەکەی لەسەر بنەمای باڵادەستیی لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا دابڕێژرێت؛ چونکە ئەمە پرسی پارێزگایەکی فرەپێکهاتەیە کە چاوەڕێی سەقامگیری، دادپەروەری و خزمەتگوزاریی شایستەن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە کەرکووک تەنیا بە لۆژیکی دەوڵەت و سازانی نیشتمانی بەڕێوەدەبرێت: "وەک پێکهاتەیەکی کاریگەر جەخت دەکەینەوە هەر چارەسەرێک دەبێت لەسەر بنەمای سازان و هاوبەشیی راستەقینەی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان بێت بەبێ پەراوێزخستن، هەروەها هەموو هەوڵێک بۆ سەپاندنی ئیرادەیەک کە لەگەڵ واقیعی سیاسیی پارێزگاکەدا نەگونجێت رەتدەکەینەوە."
فراکسیۆنی عەرەبی داوای کرد کە لە هەر رێککەوتنێکی داهاتوودا دیدگا و پێشنیازەکانیان لەبەرچاو بگیرێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، جەختیشی کردەوە کە "هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نییە تا ئەو کاتەی ئامانجەکە خزمەتکردنی بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووک بێت."
قەیرانی ئیداری لە کەرکووک دوای ئەوە دروستبوو کە لە 14ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و پارێزگاری شارەکە، پۆستی وەزیری دەوڵەتی لە حکومەتی عێراق وەرگرت و لەو کاتەوە پۆستی پارێزگار بە چۆڵی ماوەتەوە.
پێشتر لە 16ی نیسانی ئەمساڵدا، محەممەد سەمعان لەسەر پشکی پێکهاتەی تورکمان و بەپێی رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەشێک لە عەرەبەکان، لە جێگەی رێبوار تەها کرایە پارێزگار؛ سەمعانیش رایگەیاندووە کە هەر کاتێک ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ دیاریکردنی بەربژێرێکی نوێ لە پێکهاتەی تورکمان کۆببێتەوە، ئامادەیە بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بکات تاوەکو رێککەوتنە سیاسییەکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

