رووداو دیجیتاڵ عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبن و دەشڵێت، دۆخی هەرێمی کوردستان بە دانیشتنی یاسایی پەرلەمان چارەسەر نابێت، بەڵکو پێویستی بە سازان و رێککەوتنی سیاسییە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2026، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، عەبدولستار مەجید لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵوێستی کۆمەڵی دادگەری گوتی، "ئێمە هەر لە سەرەتاوە بڕیارمان دا بایکۆتی خولی شەشەمی پەرلەمان بکەین، چونکە بە پەرلەمانێکی دیزاینکراومان زانی و پڕ بوو لە ساختەکاری. سەرەتا هەموو لایەنەکان لەگەڵمان بوون لە رەتکردنەوەی ئەنجامەکان، بەڵام دواتر تەنیا کۆمەڵ لەسەر هەڵوێستەکەی مایەوە؛ ئێستاش رەوایەتی بەم پەرلەمانە نادەین و لە بایکۆت بەردەوام دەبین." سەبارەت بە دانیشتنەکەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، عەبدولستار مەجید پێیوایە ئەم شێوازە لە کۆبوونەوە چارەسەر نییە و کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات، "ئێمە لەگەڵ بەهێزبوونی دامەزراوەکانین، لە رووی یاساییشەوە کاتێک رێژەی یاسایی (50+1) تەواو بێت پەرلەمان دەتوانێت کۆببێتەوە، بەڵام ئەمە لەگەڵ واقیعی سیاسیی هەرێمی کوردستان ناگونجێت. واقیعی ئێستا دوو ئیدارەییە و بڕیارەکان لە دێگەڵە رادەگیرێن؛ ئەم کۆبوونەوەیە بەبێ یەکێتی، مەترسیی لێکترازانی نێوان پارتی و یەکێتی قووڵتر دەکاتەوە." ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەش کرد، دەستپێشخەری و سەردانەکانی ئەم دواییەی حیزبەکەی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان پەیوەندی بە کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە نەبووە، بەڵکو بۆ هۆشداریدان بووە لە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دۆخی ئابووریی هاووڵاتییان، "بە لایەنەکانمان گوت دەبێت سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کۆببێتەوە و لەسەر تەواوی کێشەکان رێکبکەون، چونکە ناوچەکە لەبەردەم جەنگ و تەنگژەدایە و بازاڕ و کاسبیی خەڵک لە نێوخۆدا داڕماوە." "سەروەریی خۆمان لەدەستداوە" عەبدولستار مەجید، سەبارەت بەردەوامبوونی قەیرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا گوتی، "بەشێکی زۆری ناکۆکییەکان بەهۆی هەژموونی وڵاتانی دراوسێوەیە؛ بەداخەوە ئێمە خاوەنی سەروەریی تەواوی خۆمان نین و بەشێک لە بڕیارەکان لەژێر کاریگەریی تورکیا، ئێران و وڵاتانی دیکەدان. ئەو وڵاتانەش بەرژەوەندییان لەوەدایە ئێمە یەک هەڵوێست، یەک پەرلەمان و یەک حکومەتمان نەبێت." عەبدولستار مەجید جەختی لەوە کردەوە کە کێشەکانی هەرێمی کوردستان پێویستیان بە میکانیزمێکی نوێی دیالۆگ هەیە و دەبێت سەرکردایەتیی سیاسی سازش بۆ یەکدی بکەن، تاوەکو باجی ئەم ململانێ حیزبییانە نەخرێتە سەر شانی خەڵک و قەوارەی هەرێمی کوردستان زیاتر رووبەڕووی مەترسی نەبێتەوە.
کوردستان05-11-2026پارێزگاری شرنەخ: تورکیا رووبەڕووی قەیرانی دانیشتووان بووەتەوە و دەبێ چاو لە شرنەخ بکەن