رووداو دیجیتاڵ
لەسەرەتای ئەم ساڵەوە خەرجکردنی پارەى قەرەبووی ئاوارە و عەرەبی هاوردەی مادەی 140 لە کەرکووک بەهۆی نەبوونی پارەوە راگیراوە، زیاتر لە حەوت هەزار ئاوارە و سێ هەزار عەرەبی هاوردە ماون قەرەبوو بکرێنەوە.
کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140ی دەستوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مامەڵەی زیاتر لە حەوت هەزار ئاوارە تەواو بووە و ئامادەن بۆ ئەوەی قەرەبووی مادەی 140 وەربگرنەوە و مامەڵەی 60 خێزانی دیکەی ئاوارەش لە قۆناخی ئامادەکردندایە بۆ ئەوەی ئەو قەرەبووە وەربگرنەوە."
کاکەڕەش سدیق راگەیاند، نزیکەی سێ هەزار مامەڵەی عەرەبی هاوردەش هەیە، کە ئامادەن بۆ وەرگرتنی قەرەبووی گەڕانەوەیان.
بەگوێرەی رێکارەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140، دەبێت هەر ئاوارەیەک 10 ملیۆن دینار قەرەبوو وەربگرێت، هەر خێزانێکی عەرەبی هاوردەش بڕی 20 ملیۆن دینار و پارچە زەوییەکی لە شوێنی پێشووی پێدەدرێت بۆ ئەوەی شارەکە بەجێبهێڵێت.
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی مادەی 140ی دەستوور راگەیاند، بەپاساوی نەبوونی بودجە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە پارەی قەرەبووی مادەی 140 خەرج نەکراوە.
لە یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی 2023، 2024، 2025، بڕی 600 ملیار دینار تەرخان کرابوو بۆ لیژنەی مادەی 140، کە بۆ هەر ساڵێک 200 ملیار دینارە.




