رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری نێوان تورکیا و یۆنان، بەلەمێکی کۆچبەرانی نایاسایی ژێرئاو کەوت، لە ئەنجامدا دوو منداڵی تەمەن شەش ساڵان کە خەڵکی عێراقن بێسەروشوێن بوون و گەڕان بەدوایاندا دەستی پێکردووە.
رۆژی سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، رەنج پشدەری، چالاکڤانی بواری کۆچبەران لە ئەورووپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ لە رووباری مەریچ لە پارێزگای ئەدیرنە بەلەمێکی کۆچبەری نایاسایی نقوم بووە و دوو منداڵ بێسەروشوێن بوون. بەلەمەکە لە کاتی پەڕینەوەی بەرەو یۆنان، نقوم بووە."
سەبارەت بە چارەنووسی سەرنشینەکان، رەنج پشدەری گوتی: "دایک و باوکەکە توانیویانە خۆیان رزگار بکەن، بەڵام دوو منداڵ کە تەمەنیان شەش ساڵانە بێسەروشوێن بوون".
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویداوە. ئەو چالاکڤانەی بواری کۆچبەران ئاماژەی بەوەش کرد: "بۆیە لەو کاتانە بەڕێدەکەون تاوەکو پۆلیس نەیانبینێت؛ بۆ دۆزینەوەی هەردوو منداڵەکەش، تیمی سهرۆكایهتی بهرێوهبردنی كارهسات و دۆخه لهناكاوهكانی توركیا (ئافاد) دەستی بە گەڕان و پشکنین کردووە".
رەنج پشدەری دەڵێ:"تاوەکو ئێستا ناسنامەیان دیار نییە و هێشتا روونیش نییە کە خەڵکی کام پارێزگای عێراقن".
رۆژی 14-10-2026، لە رووداوێکی هاوشێوەدا، لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە یۆنان، بەلەمێکی چووپی کۆچبەران لە رووباری مەریچ لە تورکیا ژێرئاو کەوت و بەهۆیەوە سێ منداڵی کورد خنکان، بەڵام دایک و باوکیان رزگاریان بوو و کە هەرێمی خەڵکی کوردستان بوون.
دوای رووداوەکە تەرمی دوو لە منداڵەکان دۆزرانەوە و 28ـی مانگی رابردوو گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان.
مێلا، هەریاد و هەستیار ئەو سێ منداڵە بوون کە لە رووداوەکەدا خنکان، تەرمی هەستیار تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
رووباری مەریچ
بەشێکی گرنگی سنووری نێوان تورکیا و یۆنان پێکدەهێنێت و یەکێکە لەو رێگە ئاوییانەی کۆچبەران بۆ گەیشتن بە ئەورووپا بەکاری دەهێنن.
بەهۆی تیژڕۆیی، گۆڕانی ئاستی ئاوەکەی و سەرمای زستان، ساڵانە چەندین کۆچبەر لەکاتی پەڕینەوەیان بۆ ئەورووپا گیان لەدەستدەدەن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)، ساڵی 2025 لە رووباری مەریچ 107 کۆچبەر لەکاتی پەڕینەوەیان بۆ ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە.


