یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڕیاری بەشدارینەکردنی لە کۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی
کوردستاندا داوە و کۆبوونەوەکە بە "نایاسایی" و دوور لە بنەماکانی شەراکەتی
راستەقینە وەسف دەکات.
دکتۆر ڤالا فەرید، سەرۆکی
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 03-11-2026 لە کۆنفرانسێکی
رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بانگهێشتی سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکەن بۆ دانیشتنی پەرلەمان.
هەر ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی
دیوانی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بانگهێشتی گشت ئەندامە
بەڕێزەکانی پەرلەمان دەکەین بۆ تەواوکردنی بڕگەکانی دانیشتنی (یەکەم)ی خولی پاییزەی
ساڵی یەکەم لە خولی هەڵبژاردنی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق، لە کاژێر 11:00ی
پێشنیوەڕۆ، رۆژی چوارشەممە 04-11-2026، تکایە لە کاتی دیاریکراودا ئامادەبن".
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە
راگەیێندراوەکەیدا وەکو کاردانەوەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بەبێ ئەوان، لە
راگەیێندراوەکەیدا دەڵێ: هاووڵاتییانی
هەرێمی کوردستان ئاگادارن کە سبەی 4-11-2026 دەنگۆی بە نایاسایی کۆبوونەوەی پەرلەمانی
کوردستان هەیە. یەکێتی جەخت لەسەر باوەڕی قووڵی خۆی بە بنەماکانی سەروەریی یاسا و
سازانی نیشتمانی دەکاتەوە. "ئەم کۆبوونەوەیە نایاساییە و دوورە لە بنەماکانی
شەراکەتی راستەقینە و هەوڵێکە بۆ سەپاندنی ئیرادەی لایەنێک."
لە پەیامەکەدا هاتووە:
"هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و تەواوی هێزە سیاسییەکان ئاگادار دەکەینەوە کە
ئێمە وێڕای بەشدارینەکردنمان، روو دەکەینە هەر دڵسۆز و هێزێکی نیشتمانی، کە خەمی قەوارەی
هەرێمی کوردستانیەتی، بەشداریی تێدا نەکات."
یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان پێیوایە دانیشتنی پەرلەمان ئەوکات سەنگی دەبێت کە "سازانی نیشتمانی
لەسەر بێت" و هەموو لایەنە هەڵبژێردراوەکان بە ئیرادەی ئازاد و دیموکراسییانە
بەشداریی تێدا بکەن.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا
هاتووە: "ئەگەر بنەمای دیموکراسی ئەوە بێت کە بە کڕین و هەڕەشە و گوشاری دەروونی
کاریگەری بخرێتە سەر بڕیارەکانی پەرلەمانتاران، ئەوا لەو چوارچێوە کارتۆنییەدا،
دان بە هیچ پەرلەمان و حکومەتێک نانێین کە دەرئەنجامی ئەو جۆرە کۆبوونەوانە بێت."
بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی
کوردستان دەبێت 50+1 ئامادە بن، واتا 51 پەرلەمانتار، پارتی 39 کورسیی بەدەستهێناوە
و پەرلەمانتارەکەی سۆسیال دیموکرات رایگەیاندووە ئامادە دەبێت، هەروەها بڕیارە بەشێکی
پێکهاتەکان ئامادەبن و ناوی سێ پەرلەمانتاری یەکێتی و نەوەی نوێش دەهێندرێ بەشداری
کۆبوونەوەکەن، یەکێکیان هەردی سەڵاحە و ئەمڕۆ بە فەرمی کشانەوەی لە فراکسیۆنی یەکێتی
راگەیاند، ناوی دوو پەرلەمانتاری نەوەی نوێش دەهێندرێت بەشداری بکەن، بەڵام فراکسیۆنەکەیان
دەڵێت: "ناڕاستە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، داوا دەکەن سبەی چوارشەممە هەموو پەرلەمانتاران
لە هۆڵی پەرلەمان ئامادەبن بۆ کۆبوونەوەی تەواوکاری رێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی
خولی شەشەم.
لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی
پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 02-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی
کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە.
لە کۆبوونەوەی یەکەمی
پەرلەمانی کوردستاندا، دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی کرایەوە و هەریەکە
لە فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەوەی نوێ
و پێکهاتەکان بەربژێری خۆیان تۆمار کرد.

