رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی گەرمیان دەڵێ، ئەو گەنجەی هەڕەشەی لە گوتارخوێنی چەند مزگەوتێک کرد، رادەستی هێزەکانی ئاسایش کرا.
رۆژی هەینی، 30ــی تشرینی یەکەمی 2026، سۆران حەمە غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی گوت: "گەنجێکمان دەستگیرکرد کە لەدایکبووی ساڵی 2006ـە و دەمانچەی پێبوو. ئەو گەنجە دانیشتووی کفرییە، بەهۆی ئەوەی هەڕەشەی لە چەند مزگەوتێک کردووە، گومانی ئەوەی لێدەکرێ پەیوەندیی بە داعشەوە هەبێت."
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەکرد: "لەسەر یەکێک لە کاخەزەکان نووسرابوو، دەوڵەتی ئیسلامی. ئێمەش کەیسەکەمان رادەستی هێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی کفری کرد و لێکۆڵینەوە لەگەڵی دەستیپێکردووە."
بە گوتەی پۆلیسی گەرمیان، "ئەو کاخەزانەی بە تۆمەتبارەکە بوون، بەشێکیان بە دەستوخەتی خۆی نووسراون و بەشێکی دیکەیان بە کۆمپیوتەر نووسراون و دواتر چاپکراون."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا گەنجەکە پێشینەی تاوانی هەیە یان نا، عەقید سۆران روونی کردەوە، "ئەو کەسە نە لای هێزەکانی پۆلیس و نە لای هێزەکانی ئاسایش هیچ پێشینەیەکی تاوانی نییە و دانیشتوویەکی ئاسایی قەزای کفری بووە."
ئەمرۆ لە کاتی گوتاری هەینی، لە یەکێک لە مزگەوتەکانی قەزای کفری تۆمەتبارێک کە دەمووچاوی خۆی بەستبوو، بە چەکەوە هەڕەشەی لە گوتارخوێن و نوێژخوێنانی مزگەوتێک کرد و دواتر لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی گەرمیانەوە دەستگیرکرا.

