رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی ناوچەی ئازادی بازرگانیی قەسری شیرین دەڵێت، لە حەوت مانگدا بایی زیاتر لە 417 ملیۆن دۆلار کاڵا بە دەروازەی سنووریی پەروێزخاندا هەناردە کراوە.
ئەمڕۆ هەینی 30-10-2026، رەزا قوبادی مێهر، بەڕێوەبەری گومرگی ناوچەی ئازادی بازرگانیی قەسری شیرین لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە حەوت مانگی رابردوودا، یەک ملیۆن و 109 هەزار تۆن کاڵا بە دەروازەی سنووریی پەروێزخاندا هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە.
بەگوتەی رەزا قوبادی مێهر، کاڵا هەناردەکراوەکان لەو ماوەیەدا، بایی 417 ملیۆن و 394 هەزار دۆلار بوون.
وەک بەڕێوەبەری گومرگی ناوچەی ئازادی بازرگانیی قەسری شیرین دەڵێت، ئەو کاڵایانەی بە دەروازەی سنووریی پەروێزخاندا هەناردە کراون بریتین لە شیش، ئاسن، چیمەنتۆ، بەروبوومی کشتوکاڵی، کەرەستەی بیناسازی، کاشی و شووشە.
دەروازەی سنووریی پەروێزخان، پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانی پارێزگای سلێمانی پێکەوە دەبەستێتەوە.
دەروازە نێودەوڵەتییەکە یەکێک لە کاریگەرترین و قەرەباڵخترین دەروازە سنورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و رۆڵێکی گەورەی لە ئاڵۆگۆڕی بازرگانیدا نێوان هەردوو لایەندا دەگێرێت.


