رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی سلێمانی، دادگەییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی بە مادەی 406 لە یاسای سزادان دواخست بۆ نێوەڕاستی مانگی 12ـی ئەم ساڵ.
دانا تەقیەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دادگە ئاگاداری کردینەوە، کە دانیشتنی داهاتوو لە 16-12-2026 دەبێت".
بڕیار بوو چوارشەممە 28-10-2026 هەر لەسەر رووداوەکانی هۆتێل لالەزار، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و 20 کەسی دیکە بە مادەی 406ـی تایبەت بە کوشتن دادگەیی بکرێن، بەڵام تیمی پارێزەران داوای دواخستنیان کرد و دوێنێ دانیشتنەکە نەکرا.
گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی لالەزار گوتی: "ئێمە داوامان کرد دانیشتنی دادگە 15 رۆژ دوابخرێت، بەڵام ئێستا زیاتر دواخراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ کێشەمان لەگەڵ کاتەکەدا نییە و رۆژی دادبینیەکە ئامادە دەبین".
دانا تەقیەدین گوتی: "64 کەس سکاڵایان دژی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی بە مادەی 406 تۆمار کردووە، کە زۆرینەیان ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش و کۆماندۆن".
دوای هەشت دانیشتنی دادگە، لە 15-10-2026، دادوەرانی دۆسیەی لالەزار، بە مادەی 56ـی تایبەت بە پلاندانان و هەوڵدان بۆ کوشتن، لاهوور شێخ جەنگییان بە پێنج ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن سزا دا، هەروەها پۆڵاد شێخ جەنگی بە سێ ساڵ و شەش مانگ و رێبوار حامید حاجی غالی بە دوو ساڵ سزا دران، هەشت کەسی دیکەش بە کاتی جیاواز حوکم دران و دووانیشیان بێتاوان ناسێندران.
دانا تەقیەدین گوتی: "لە هەموو دۆسیەی لالەزار 25 کەس ماونەتەوە، 22یان لە زیندانی ئاسایشدان بەوانەشەوە کە حوکم دراون، تەنیا کاک لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و رێبوار حامید براونەتە چاکسازیی گەورانی سلێمانی".
یەکەم جار 12ـی کانوونی دووەمی 2026 و دوایین جاریش 15-10-2026 لاهوور شێخ جەنگی برایە دادگە.
رۆژی 22-08-2025ـدا، دوای رازی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیر کران.
لە پێکدادانەکەی 22ـی ئابدا ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا کوژرانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.
.webp&w=3840&q=75)


