رووداو دیجیتاڵ
بەرهەمی بیبەری هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی، بەڵام جوتیارێکی هەڵەبجە دەڵێت نرخەکەی لە بازاردا تەنانەت کرێی کرێکار و گواستنەوەش نادات.
30 دۆنم زەوی، 300 تۆن بیبەر و 50 ملیۆن دینار زیان، ئەمە چیرۆکی ئەمساڵی هەژارعەبدوڵایە، جوتیارێکی نموونەیی و خاوەن ماستەری زانستە کشتوکاڵییەکان، کە دەڵێت سەرەڕای بەرهەمهێنانی چەند جۆری جیاوازی بیبەر، کەمی هاوکاری بۆ بەبازاڕکردنی بەروبوومەکانیان تووشی زیانی کردووە.
هەژار بە رووداوی گوت:" ئەمساڵ چوار جۆر بیبەری تووند و شیرینی سوور و سەوزی لەسەر 30 دۆنم زەوی چاندووە و 300 تۆنی لێ بەرهەم هێناوە. دوو جۆر بیبەری هۆتی دیکەشی بەرهەم هێناوە، بەڵام دەڵێت لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان کڕیار و داواکاری بۆیان نییە.
بەپێی گوتەی ئەو، کیلۆی بیبەر لە بازاڕدا بە 100 دینار دەفرۆشرێت، نرخێک کە تەنانەت کرێی کرێکار و گواستنەوەش دەرناکات.
هەژار دەڵێت ئەم نرخە 50 ملیۆن دینار زیانی پێ گەیاندووە و وای لێ کردووە بیر لەوە بکاتەوە ساڵی داهاتوو بیبەر نەچێنێت.
لە بەرامبەردا، قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت:" لە کاتی پێگەیشتنی بەروبوومی خۆماڵیدا، بە دانانی باج و گومرگ لەسەر بەرهەمی هاوردە و رێگەدان بە هەناردەکردن، پشتگیری لە جوتیاران دەکات.
هەرچەندە ئاماری تایبەت بە بەرهەمی بیبەر بەردەست نییە، بەڵام گوتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند:" بەرهەمی سەوزە لە هەرێمی کوردستان زۆر بووە و گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی. بە گوتەی وەزارەت، لە کاتی زۆربوونی بەرهەمدا بەشێک لە بیبەری خۆماڵی بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەناردە دەکرێت.


.jpeg&w=3840&q=75)
