رووداو دیجیتاڵ
لە پەرلەمانی عێراق هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆ دەستیپێکردووە بۆ داواکردنی پێداچوونەوە بە پەڕتووکی خوێندنی "تاوانەکانی حیزبی بەعس"، بە مەبەستی جێگیرکردنی شایستەی تاوانەکانی شاڵاوی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە لە پڕۆگرامەکەدا.
براکۆ شێرکۆ فاتیح، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و ئامادەکاری یاداشتەکە، ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا 67 پەرلەمانتار لە فراکسیۆنە جیاوازەکان واژۆیان لەسەر یاداشتەکە کردووە و پرۆسەکە بەردەوامە؛ پاش تەواوبوونیشی، یاداشتەکە ئاراستەی وەزیری پەروەردەی عێراق دەکرێت بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست."
بەپێی ئەو یاداشتەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، داوا لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق کراوە پێداچوونەوە بە نێوەڕۆکی پەڕتووکی خوێندنی "تاوانەکانی حیزبی بەعسی لەناوچوو" بکات، کە بۆ قۆناخی چوارەمی ئامادەیی (پۆلی 10) بۆ ساڵی 2025 چاپ کراوە.
لە یاداشتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە ئەو تاوان و پێشێلکارییانەی رژێمی بەعس بەرامبەر گەلی کورد کردوونی، مافی تەواوی خۆیان لە بەڵگەنامەکردن پێبدرێت؛ بەتایبەتی تاوانەکانی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانی شاری هەڵەبجە، لەپێناو چەسپاندنی هۆشیاریی مێژوویی و پتەوکردنی دادپەروەری لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا.
چیمەن حوسێن سوورچی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق کە واژۆی لەسەر یاداشتەکە کردووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەدواداچوونم بۆ ئەم پرسە کردووە و لەگەڵ د. ریاز، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق قسەم کردووە."
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکان نکۆڵی لە پەراوێزخستنی ئەو تاوانانە کرد و دەڵێت باسیان لێوە کراوە، بۆیە بڕیارە ئەمڕۆ کۆپییەکی پەڕتووکەکەمان پێبگات تاوەکو لە رێژە و چۆنیەتیی خستنەڕووی ئەو بابەتانە دڵنیا بینەوە."

