رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمی راگەیاندنی تۆڕی "هەستانەوە" بۆ رزگاربووانی دەستی داعش، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو یەک کەسی رفێندراو مابێت نووسینگەکەیان لە یارمەتیدان، رزگارکردن و گەڕان بەدوای چارەنووسیاندا بەردەوام دەبێت.
رۆژی چوارشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2026 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە رێوڕەسمی راگەیاندنی تۆڕی "هەستانەوە" بۆ رزگاربووانی دەستی داعش کرد، لە گوتارێکدا بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، "ئێمە هاوکاری و پشتیوانیی هەموو ئەو پێکهاتانە دەکەین کە بوونەتە قوربانیی دەستی داعش. راگەیاندنی ئەم تۆڕە دەربڕینی ئیرادەیە و هەنگاوێکی گرنگە بەرەو قۆناخێکی نوێ، تێیدا رزگاربووان خۆیان ببنە خاوەنی دەستپێشخەری، دەنگ و رۆڵی کاریگەر لە پرسی ماف و داهاتوویاندا."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لە بەردەوامیی پشتیوانییەکان کرد و ئاماژەی بەوە دا، "ئەرکی ئێمەیە هەمیشە لە رەوشی دژواردا پشتیوانیی خوشک و برایانی ئێزدیمان کردووە، ئەمڕۆش دووپاتی دەکەینەوە کە لە کوردستان، عێراق و لە هەر شوێنێک بێت، هەمیشە پشتیوانی مافە رەواکانیان و پاراستنی ناسنامەیان دەبین."
لە درێژەی گوتارەکەیدا دڵشاد شەهاب گوتی، "تاوەکو کەسێکی رفێندراو مابێت، نووسینگەکەمان بەردەوام دەبێت لە رزگارکردنیان و گەڕان بەدوای چارەنووسیاندا."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی دادپەروەری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، "بەدیهێنانی دادپەروەری، مسۆگەرکردنی مافی رزگاربووان، ئاشکراکردنی ونبووەکان، جێبەجێکردنی یاسای رزگاربووانی ئێزدی، لەبارکردنی رەوشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەیان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەڤەرەکانی دیکەی ئێزدییان، کاری سەرەکی و ئەرکی ئێمەیە، هەموو کارێکی پێویست لەو پێناوەدا ئەنجام دەدەین و هیچ خەم ساردییەک ناکەین."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ستایشی بوێری و خۆڕاگریی رزگاربووانی کرد لەپێناو هەنگاونان بەرەو پێشەوە، هاوکات هیوای خواست راگەیاندنی ئەم تۆڕە ببێتە دەستپێکی قۆناخێکی نوێی پڕ لە ئومێد، کارکردن و بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر بۆ رزگاربووان.



