رووداو دیجیتاڵ لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی نوێی نیشتەجێبوون لە قەزای کەلار، دەروازەیەکی مێژوویی لە قووڵایی 9 مەتر لەژێر زەوی دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 1700 ساڵ پێش ئێستا و سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە. شوێنەوارەکە دەروازەی پشتەوەی "جۆگەی گاورە"یە لە خڕی حەمەی کەریم، کە جۆگەیەکی ئاودێریی 30 کیلۆمەتری بووە و لە سەردەمی شاپووری گەورە، دەیەمین پاشای ساسانی، بۆ ئاودانی دەشتی گەرمیان دروست کراوە. محەمەد عەلی، لە بەشی راگەیاندنی شوێنەواری گەرمیان، بە رووداوی گوت: "ئەم دەروازەیە دەیسەلمێنێت کە ئەم شارە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە." دۆزینەوەکە لەکاتی کارکردنی کەرتی تایبەت بووە لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون و بڕیارە دوای تەواوبوونی کارەکان، ناوچەکە وەک شوێنێکی شوێنەواریی پارێزراو بمێنێتەوە. سەباح جاف، مامۆستای زانکۆ و شارەزای مێژوویی، ئەم هەنگاوە بە "نموونەیەکی دەگمەنی هەماهەنگی لەنێوان کەرتی وەبەرهێنان و پاراستنی شوێنەوار" دادەنێت و دەڵێت: "مانەوەی ئەم دەروازەیە لەنێو پڕۆژەیەکی نیشتەجێبووندا، ناسنامەی مێژوویی شارەکە دەپارێزێت." لەسەر دیواری دەروازەکە 30 هێمای جیاوازی سەردەمی ساسانی هەڵکۆڵدراون کە بە "هێمای بەردتاشان" ناسراون. ئەو هێمایانە لەلایەن وەستا و کرێکارانەوە بۆ دیاریکردنی بڕی بەردی بەکارهاتوو، رۆژانی کارکردن و وەرگرتنی حەقدەستەکانیان بەکار هاتوون. دۆزینەوەی "دەروازەی جۆگەی گاور" دەبێتە بەڵگەیەک لەسەر ئەوەی کە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و ئاوەدانیی نوێ، دەتوانن هاوشان بن لەگەڵ پاراستنی رەگ و ریشەی مێژوویی شارەکان.