رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان کەمپینێک بە ناوی "زرێبار هێڵی سوورمانە" بۆ پاراستنی دەریاچەکە رادەگەیەنێت و داوای قەدەخەکردنی لێدانی بیر لە نزیک دەریاچەکە دەکات.
لە راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکەدا هاتووە کە ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی مەریوان بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت، دەستی کردووە بە هەڵکەندنی بیرێکی قووڵ لەپاڵ زرێباردا، ئەمە لە کاتێکدایە مەریوان یەکێک لە پڕ ئاوترین ناوچەکانی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەرە و بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، دەیان رێکاری دیکە هەن و پێویست ناکات زرێباری پێ کاول بکرێت.
ئەنجوومەنی سەوزی چیا داوای لە خەڵکی کوردستان و شاری مەریوان کردووە کە بە دانانی وێنەیەکی دەریاچەی زرێبار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشدار و پاڵپشتیی لەم کەمپەینە بکەن و پەرەی پێ بدەن.
هەروەها ئەنجوومەنەکە داوای راگرتنی خێرای بڕیاری هەڵکەندنی بیری ئیرتیوازی لە نزیک زرێبار کردووە.
ئەنجوومەنی سەوزی چیا دەڵێت: "بێگومان دابینکردنی ئاوی خواردنەوە پێویستییەکی حاشالێنەکراوە، بەڵام سەیر ئەوەیە کە لە شارێکدا کە تێکڕای بارانبارینی نزیکەی 900 مللیمەترە لە ساڵێکدا، بۆ دابینکردنی ئاو کەوتوونەتە گیانی دەریاچەی زریبار؛ کێشەی دابینکردنی ئاوی ئەم ناوچەیە بەهۆی پەرەپێدانی بێ بەرنامەی شار و نەبوونی توێژینەوەی زانستییە کە ئێستا دەیانەوێت زریبار بکەنە قوربانیی ئەو کێشەیە.
لە کۆتاییدا راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی سەوزی چیا، پەنا بۆ هەموو توانا یاسایی و مەدەنییەکانی خۆی دەبات بۆ راگرتنی پرۆژەکە.
دەریاچەی زرێباری مەریوان یەکێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئیکۆسیستمێکی ناوازەی هەیە.




