رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی لەبارەی هۆکاری لافاو و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان دەڵێت: "هەر شتێک لە تواناماندا بێت دەیکەین" و لەبارەی مووچەیش دەڵێت: "بەڵێنی بەردەوامبوونیمان وەرگرتووە".
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی زیانەکانی لافاو و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان، مووچە، کاراکردنەوەی پەرلەمان و چەند پرسێکی دیکە قسەی کرد.
مەسرور بارزانی داوای لە هاونیشتمانییان کرد پابەندی رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن بۆ پاراستنی خۆیان و شارەکە لە دروستبوونەوەی لافاو.
لافاو و هۆکارەکانی
مەسرور بارزانی لەبارەی هۆکاری لافاوەکە ئاماژەی بە قەیرانی دارایی کرد و گوتی، "کەوتووینەتە ژێر گوشارێکی زۆر بۆ ئەوەی هەموو داهاتێک رادەستی بەغدا بکەین بۆ دابینکردنی مووچە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، "مووچە هەموو شتێک نییە، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی خەڵک بکەین پێویستمان بە بودجەیەکی پێویستە بۆ ئەوەی ئامێری پێویست و خزمەتی پێویست پێشکێشی خەڵکی بکەین".
قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاو
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لەبارەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە گوتی، "دوای هەڵسەنگاندنی زیانەکان هەوڵی جیدی بۆ قەرەبووکردنەوەیان دەدەین".
پێکهێنانی حکومەت و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە دەرگەمان بۆ هەموو لایەنەکان کراوەیە، ئێستا پەرلەمانێکی کارامان هەیە و شوێنی گفتوگۆیە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان و داوا دەکەم هەر لایەنێکی سیاسی خەمخۆری هەرێمی کوردستانە دەرگە کراوەیە بۆیان".
بودجە پەیوەندی بە داهاتی عێراقەوە هەیە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "بەڵێنیان بە ئێمە داوە مووچە مسۆگەر بێت".
ئەمریکا لەگەڵ هەرێمێکی بەهێزە
مەسرور بارزانی لەبارەی دیدگەی ئەمریکا و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ تۆم باراک رایگەیاند، "ئەمریکا لەگەڵ هەرێمێکی بەهێز و یەکگرتووە".
هێرشەکەی سەر کۆرمۆ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر ئاماژەی بەوەدا، "بە تووندی سەرکۆنە کراوە و لێژنەیەکی هاوبەش بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنراوە، داواکاریمان ئەوەیە ئەوانەی بەرپرسن لە هێرشەکە سزا بدرێن".
نوێدەکرێتەوە...

